دوو ژن بوونە دادنووس
– وەزیری داد فەرمانگەی دادنووسی قەرەداغی
بەکارخستەوەو دادنووسێکی ژن-ی بۆ دانا.
– هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق( GOV.KRD)..
ئەمڕۆ ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٢، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی بەخشییە دوو دادنووس، کە بۆ فەرمانگەی دادنووسی قەرەداغ و فەرمانگەی دادنووسی سۆران دەست نیشان کراون.
لە رێورەسمی پێشکەشکردنی سوێندی یاسایی کە، شیلان عارف بریکاری وەزارەتی داد و ئازاد رۆستەم، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگە دادییەکان ئامادەی بوون، سولاڤ ئیدریس عەبدولعەزیز، بۆ فەرمانگەی دادنوسی سۆران و ، رۆشنا حسێن رەشید، بۆ فەرمانگەی دادنووسی قەرەداغ دەست نیشان کران.
لە وتەیەکیدا، وەزیری داد، پشتگیریی و متمانەی خۆی بۆ دووپات کردنەوە و پێی راگەیاندن: « فەلسەفەی حکومەتی ئێمە بریتییە لە خزمەتکردنی خەڵک ، دەبێت فەرمانگەکانمان لە خزمەتی هاووڵاتیاندابن، ئێوەش دەبێت خزمەتی هاووڵاتیان بکەن، و وەڵامی داواکانی خەڵک بدەنەوە، متمانەی زۆرمان پێتانە کە ئیشەکانتان بەدڵسۆزی و بە وردییەوە ئەنجام دەدەن».
لەساڵانی رابردوودا، بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکانەوە، کارو دەوامی فەرمانگەی دادنووسی قەرەداغ راوەستابوو، بەڵام وەزیری داد بڕیاری کردنەوەی دادنوسی قەرەداغی داو ئەمڕۆش دادنووسێکی بۆ دەست نیشان کردو، بیناو پێداویستیشی بۆ دابین کراوە و ، ئێستا فەرمانگەی دادنووسی قەرەداغ ، ئامادەی خزمەتکردنی هاووڵاتیانی قەرەداغ و دەوروبەریەتی.
لەمەودوا هاووڵاتیانی قەرەداغ و دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری دەتوانن لە سەنتەری قەرەداغ، کاروباری بەڵێننامەو بریکارنامەو چەندین بەڵگەنامەی دیکە، جێبەجێ بکەن و پێویست بەسەردانیکردنی فەرمانگەکانی سلێمانی ناکات.