پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

حیزبەکان ئەرکی سەرشانیانە ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
داکۆکی, وتار,

د. ساماڵ مانیی

گرنگ نیە لە پرسە سیاسیەکانیتردا تا چەند فڵان حیزب و فیسار حیزب باش ئیش دەکات لە مەسەلەی نەوت و گومرگ و باج و موچە و گەندەڵی و پێشخستنی ژنی ناو حیزبەکەی خۆیان.
چونکە کە دێتە سەر پرسی ژن گرنگ نیە ئاراستەی حیزبەکان بەرەو ئاڵای شۆڕشی باشووری کوردستان بێت یان کوردستانی باشوور یان کوردستانی عێراقی عەرەبی. هەرچۆنێکی لێک بدەیتەوە بەهەر لایەکی سیاسیدا بیبەیت، نیوەی هەرکام لەو کوردستانەی هەر حیزبێک وێنای دەکات و پلانی بۆ دادەڕێژێت؛ ژنە.
هەموو ژنی کورد لەناو یەک حیزبدا نین تا سوود لە باڵ و تەکەتول و خێزانی بەدەسەڵآت وەرگرن و لە پلانی ناوخۆی حیزبەکان سوودمەند بن. هەموویان حیزبی نین تا بخرێنە لیستەوە بۆ پێگەی بەرز. هەموو ژنی کورد لە خێزانی بەرپرسەکان و توێژی باڵای چەکدار نین لە کوردستاندا هەتا کەس پێیان نەوێرێت ئەگەر خراپەکاریش بکەن.
هەموو دەزانین چ ژن بیت یان پیاو، زۆربەیان (گەر نەڵێم هەموو) پێگەی باشی بەڕێوەبردن و کارمەندیی و پێشخستن و ‘یەکسانی جێندەریی’ لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ ئەندامی حیزبەکانە لە باشوری کوردستان دا. لەگەڵ ئەوەشدا، حیزبەکان ئەندامەکانیان لە هیچ پۆستێکی بەرز و نزمدا نە ژنیان و نە پیاویان ئەرکی بەرپرسیاریەتیان بۆ دانانێن سەبارەت بە پرسی ژن.
هەموو ڕۆژێک بە جۆرێک لە جۆرەکان نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن دەکەن-دەکرێت، چ بەڕق لێهەڵگرتن بێت، چ بە سڕکردن و دواخستنی موعامەلات بێت، چ بە ڕێ لێگرتنی بێت، چ بە دەرپەڕاندنی بێت لە ئیشەکەیدا، چ بەکەم گرتنی بێت، چ بە شەق تێهەڵدانی بێت، چ کوشتنی بێت، چ ئیهانەکردنی بێت، چ بەزۆر حەزلێکردنی بێت، چ فریودانی بێت ،هتد، لە هەموو دامەزراوەکاندا کە حیزبەکان و حیزبییەکان بەڕێوەیان دەبەن لە ژن و پیاویان.
ڕێنمایی من بۆ حیزبەکان ئەوەیە، ئەگەر حیزبەکان (هەموویان و یەک بەیەکیان) ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن بە تێگەیشتنێک کە دژ بە ژن نەبێت، ئەوا لەسەدا نەوەدی هەموو کارمەندان و بەڕێوەبەرانی ناو هەموو دام و دەزگا و دائیرەکانی کوردستان پەروەردە دەبن، لەبەرئەوەی هەموویان(یان زۆربەی هەرە زۆرینەیان) حیزبین.
ئیتر نموونە و هاوچەشنی ئەو ئەفسەرە شەقوەشێنەی ئەمڕۆ و ئەوی دوێنێ و ئەوانەی سبەینێ، نە لە دادگاکاندا و نە لە زانکۆکاندا و نە لە هیچ کام لە دام و دەزگا و دائیرەکاندا و نە لەسەر شەقامەکاندا نامێنن.
پرسی ژن، شەڕی نێوان ژن و پیاو نیە، شەڕی نەزانی یە. پێویستی بە تێگەیشتنە، تێگەیشتنێکی تایبەت بە خۆی پێویستە، تێگەیشتنێک کە سەبارەت بە پرسی ژنە.
گرنگ نیە فڵانە ئەندامی حیزبێک ژنە یان پیاو کە پلە و پێگەی بەرز وەردەگرێت لە کۆمەڵگەدا، گرنگ نیە فڵانە ئەندامی حیزبێک چی دەزانێت سەبارەت بە پرسەکانیتری ناو کۆمەڵگە یان ناو حیزبەکەی خۆی یان سیاسەت بە گشتی. بەڵکوو کە دێتە سەر نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینەی ناو کۆمەڵگە، پێویستە و دەبێت ئەو ژن و پیاوە حیزبیانە پەروەردەکراو بن لەسەر پرسی ژن ، دەبێت ئەندامەکانی هەر یەک لە حیزبەکان تێگەیشتنی هەبێت بۆ پرسی ژن.
من ژن و پیاو ی حیزبی هەرە زۆرم بینیوە، گوێم لە قسەکردنیان بووە لە میدیاکاندا؛ تەقەی سەریان هاتووە لە تێنەگەیشتن لە پرسی ژن دا، ئەوانەن پلەی بەرزی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەیان دەدرێتێ.
هەموو حیزبەکان، یەک بەیەکی حیزبەکان ئەرکی سەرشانیانە ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن دژە ژن نەبن، پێش ئەوەی پلە و پێگە و ئیشیان بدەنێ و بەڕەڵایان بکەنە سەر ژیان و گیانی خەڵکی لە دام و دەزگا و دائیرە و بەڕێوەبردنەکاندا.
من بینیوومە کارمەندەکان لە فەرمانگە جیاوازەکاندا چۆن هێزی حیزبی بوونیان دژ بە ژن و خەڵکی بێ پشتیوان بەکاردەهێنن، چۆن یەک ڕەخنە لە نەکردنی ئیشی پێویست بگریت لە موعآمەلەیکدا، بە ساڵ موعامەلەکەت ڕادەگرێت و بانگەوازی ئەوە دەکات لەبەر ئەوەی ڕەخنەت لێگرتووە ئیتر دەنگۆ دەکات و ڕاپۆرتی حیزبیت لەسەردەنووسێت کە تۆ دژ بە حیزبەکەیت و دەبێت هەموو ئەندامی حیزبەکەی یەکبگرن و دژایەتیت بکەن، ئەمە وتەی یەکێکیان بوو لە وەزارەتێکدا کە ئیشم کەوتبوە لایان.
نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن زۆر زۆر دەکرێت وکەمی دەبینرێت، ئیتر بە پەلاماردانی جەستەیی بێت وەک لە زانکۆکاندا و لە دادگاکاندا دەکرێن و بینیومانن، دواخستن و ڕێگریکردن لە موعآمەلات بێت وەکو لە وەزارەتەکاندا دەکرێن و بینومانن، یان قسەکردنی تیژ و توانج وەک تیری سەردڵ بێت کە لە دەزگا ڕۆشنبیریەکاندا دەکرێن و بینیومانن، یان بەکارهێنانی لێکدانەوەی نادروست بێت،هتد و بەهەر شێوەیەکی کە ئەندامێکی حیزبی بۆی بکرێت دەیکات و ئازادە، هیچ رێگرێک نیە جگە لە تێگەیشتنی خۆی.
لەبەر ئەمەیە دەڵێم: دەبێت و پێویستە و چارەسەرە، ئیش لەسەر تێگەیشتنی ئەندامەکانی ناو حیزبەکان بکرێت سەبارەت بە پرسی ژن/ پرسی جێندەر و جۆرەکانی نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن، چونکە بەداخەوە تەنها ئەوانن( تەنها حیزبیەکانن لە نێر و مێ) کە پێگە و ئیشی باشی کاریگەر و بەڕێوەبردنیان دەدرێتێ لەناو کۆمەڵگەی کورد دا
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: