-رێبین هەردى
هێرشێکی زۆر پڕ قسەی ناشرین و دوور لەهەموو ئەخلاقێکی گفتوگۆ دەکرێتە سەر هەموو ئەوانەی باسی جێندەر دەکەن. زۆر بەداخەوە و لەوپەڕی سەرسوڕماندا برایانی یەکگرتووی ئیسلامی سەرەنێزەی ئەم هێرشەن کە هیچ سنوورێک نەماوە نەیبەزێنێت. بەناوی بەرگری لە ئەخلاقی کۆمەڵگاوە، بەدئەخلاقترین قسەکان دەکەن و بۆیەک ساتیش لەسەر ئەوە ناوەستن ئەو شەرە جنێوەی دەستیان داوەتێ، خۆی گەورەترین هەڕەشەی ئەخلاقیە لەسەر ئەخلاقی قسە و راگۆرینەوە. هەرگیزا و هەرگیز ڕێگەی بەرگری لە ئەخلاق، بە بێ ئەخلاقیدا ناڕوات. ئەوەشیی هەڕەشەی سەرەکی ئەخلاقیە لەسەر کۆمەڵگا و پارچە پاڕچەکردنی، ئەو جنێوباران و بوختان و درۆیانەیە کە هەندێک پەیج لەژێر سێبەری برایانی یەکگرتووی ئیسلامیدا ئەنجامی دەدەن. بێگومان ئەو لەشکرە دەمپیسە هەڵەیەکی گەورە دەکات گەر بزانێت دەتوانێت بەم زمانە سوک و بەدە کەس بتوقێنێت یان ئیرهابێک دروست بکات کە کەسانێک ناچار بە پاشەکشێ لە بۆچونکەنیان بکات. تەنیا کارێک ئەم هێرشە دەتوانێت بیکات (و بەداخەوە بەسەرکەوتویش تا ئێستا ئەنجامیداوە) لەکەدار کردنی ناو و شێوازی کاری یەکگرتووی ئیسلامیە بەپلەی یەکەم کە وەک خۆم بەهێزێکی مەدەنی نەرومنیانم دەزانی کە تەنانەت لەوکاتانەشدا کە توندریتن هێرشی نەک راگەیاندن، بەڵکو سەربازیشیان دەکرایە سەر، دانیان بەخۆیاندا دەگرت و جەختیان لە گفتوگۆ وتوێژ دەکردەوە. بەداخەوە پێموایە برایانی یەکگرتووی ئیسلامی بە ئازادكردنی ئەم سۆشیال میدیا دەمپیسە، زیانێکی گەورە بەرلەهەرکەس بەخۆیان دەگەیەنن و هەمان ئەو هەڵانە دوبارە دەکەنەوە کە ئیسلامی عەرەبی لە جیهانی عەرەبیدا ئەنجامیدا کە ئەنجامەکەی بەردەوام پاشەکشێی یەک لەدوای یەکیان بووە لە زوربەی وڵاتەکاندا. لە تونس، مسر. لیبیا و تەنانەت کەنداویش. بەهەرحاڵ دیارە خۆیان ئەم ڕێگەیەیان پێ باشترە و باشی و خراپیش چی بێت، خۆیان بەرەکەی دەچنەوە.
بەڵام ئەم هێرشە بۆ ولە پای چی؟ هەموو ئەم هێرشە لەسەر چەمکێکە کە ناوی جێندەرەو لەبەرئەوەی دو و سێ کەسی ئیسلامی بە هەڵە تێییگەیشتوون و شەرحیان کردووە، هەمووان بەدوای ئەواندا و بە بێ ئەوەی ئیستێک بکەن تۆتیوار نەک دەیڵێنەوە، بەڵکو خۆیان وا دەبیینن لە جیهادێکی دینیدان دژی شتێک کە هاتووە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا تێک ومەکان بدات و خێزان نەهێلێت و مرۆڤ لەهەموو ئەخلاقێک دابڕێنێت. شاهەڵەی ئەم بیرکردنەوەیە یەکسانکردنی بەکارهێنەرانی جێندەرە لەگەڵ رەگەزخوازیدا. بگرە لە فەنتازیەی زوربەی برایانی ئێسلامیدا هەر ناوی جێندەر هات، یەکسەر بیریان بۆ ڕەگەزخوازی دەچێت و پێیانوایە ئەم چەمکە هیچ نیە، جگە لە ڕێگە خۆشکردن بۆ ڕەگەزخوازی. بگرە کار گەیشتە ئەوەی بانگخوازێکی دیاری وەک حاجی کاروان (کە وەک خۆم ڕێزێکی زۆرم بۆی هەیە) بە ئاشکرا بڵێت جێندەر واتە رەگەزخوازی. لەڕاستیدا من یەکەمجار کە ئەم قسەیەم گوێ لێ بوو، زۆرتر بۆ ئەوە چووم ئەو قسەیەیان بۆ دروستکردبێت، بۆ ئەوەی ئاگرەی ئەو لێشاوی شەڕە جنێو و سەنگەرگرتنە گەرم بکەن کە لەنێوان هەندێک ئیسلامیەکان بەگشتی و سوشیال میدیای یەکگرتووی ئیسلامی بەتایبەتی لەلایەک و ڕۆشنبیرانی نادینی یان ئەو کەسانەی کە مەرجەعی بیرکردنەوەیان دین و شەریعەت نیە لە لایەکی دیەوە، بەرپا بووە. بگرە کار گەیشتە ئەوەی شانازی بەوەوە بکرێت توانراوە ڕێگە لە کۆڕ و سەمینار لەسەر جێندەر لەیەکێک لە زانکۆکاندا بکرێت، ئەم ڕێگریەش بە زیندووی ئەوە بەشەی کۆمەڵگا بزانیت کە ئەم ڕێگریەیە کردووە. لەسەدەی بیست و یەکدا بین وشانازیت ڕێگری بێت لە ڵێکۆڵینەوەو باسکردن لە زانکۆکاندا. ئەم دۆخە سەیرە بیری ئەو دۆخەی جارانی خستمەوە کە هەندێک مەلای ئاینی دژی خوێندنی کچانی کوردستان سەنگەریان گرت و بەمەش کەوتنە ناکۆکیەوە لەگەڵ شاعیرە ڕۆشنگرەکانی ئەو سەردەمە. پێموایە هەندێک لە ئیسلامیەکان بەم ڕەفتارەیان تەنها کارێک بیکەن ئەوەیە هەندێکی تر هەڵە بۆ خەرمانی ئەو هەلانە زیاد دەکەن کە لە مێژووی خۆیاندا ئەنجامیان داوە. بەداخەوە پێدەچێت لەهەمان ئەزمون و رەفتاری ئیسلامی سیاسی عەرەبیدا بژین کە بێگومان بەهەمان ئەو دەرئەنجامانەش دەگەین کە لەوێ بەدەستهاوون. ئەو کارانەی ئەم سۆشیال میدیا توندڕەو و جنێودەرە دەیکات هیچ نیە جگە لە سەڵماندنی مەترسی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی وەک هێزێکی دژ بە هەموو مافێکی مرۆڤ و توندڕەو و خۆ بەهەقیقەت زان و سەرکوتکەر..مەترسیەک کە من وەک خۆم و وەک کەسێک کە خۆی بەعەلمانی دەزانێت ساڵانێکی زۆرە هەوڵی ئەوە دەدەم ئەم مەترسیە بە درۆ بخمەوە و بە دروستکراو و ئیسقاتاتی ئەزموونی ئیسلامی سیاسی عەرەبی بەسەر ئیسلامی سیاسی کوردیدا لە قەڵەم بدەم.
بەڵام با لەم لێشاوی جنێو و بوختانەنە دوور کەوینەوە و لێگەڕێن ئەوانە دەرئەنجامی کارەکانی خۆیان لە داهاتوودا ببینن و بە ئارامی بپرسین ئایا ڕاستە جێندەر واتە رەگەزخوازی و ئەوەی باسی جێندەری کرد واتە باسی ڕەگەزخوازی دەکات؟ بەڕاستی جێندەر چیە؟ ئایا ڕەگەزخوازیە؟
جێندەر چەمکێکی زانستیەو جێگەی لێکۆڵینەوەی زانکۆکان و لێکۆلیارانە. وتەزایەکی ئایدۆلۆژی نیە ئەم و ئەو شەڕی لەسەر بکەن، جێگەشی شەرە جنێو ناو سوشیال میدیا نیە، بەڵکو دراسات و لێکۆڵینەوەیە . کەواتە جێندەر چیە؟
با لە پێناسی سنوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدانی ژنان دەست پبکەین. ئەم ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیە بەمجۆرە پێناسی جێندەر دەکات: ((ئەو دەورە کۆمەڵایتیە دیاریکراوانەی بۆ هەر یەک لە نێر ومێ دیاریکراوە، ئەم دەورانەش بە پەروەردە دروست دەبن و بە درێژایی کاتیش گۆرانیان بەسەردا دێت، لەناو یەک کلتوور و لەنێواان کتور و کلتورێکی دیدا)). جێندەر چەمکێکە بۆ لێکۆلینەوە لەو جیاوازیانەی لە نێوان ژن و پیاودا هەن کە دروستکراوی نەریت و کۆمەڵگاکانن. باسکردنە لەو جیاوازی وچاوەڕوانی و دەورانەی هەریەک لە ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا لێیان دەکرێت.
واتە دەکرێت باسی دوو جیاوازی لە نێوان و ژن و پیاودا بکەین، جیاوازیەک کە بایەلۆجیە و دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی جیاوازی جەستەیی هەریەک لەژن و پیاو. بۆ نموونە ئەوەی کە ژن شیردەرە و پیاو شیردەر نیە. ژن منداڵی دەبێت وپیاو نایبێت…هتد، هەموو ئەمانە جیاوازی بایەلۆژین ، بەڵام هەر جیاوازیەکی دی جگە لەم جیاوازیانە لەنێوان و ژن و پیاودا ئەژمێر بکرێت، دەچنە خانەی جیاوازی جێندەریەوە کە نەریت و کۆمەڵگاکان دروستی دەکەن. واتە دوو جۆر جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە، جۆرێکیان بایەلۆجیە و خواکردە، جۆرێکیشیان جێندەریە و مرۆڤ کردە. بۆ نموونە ئەو ڕوانینەی پێیی وایە کاری ژنان کاری ماڵەوەیە و کاری پیاوان کاری دەرەوەیە، جیاوازی جێندەریە. ئەم جیاوازیە کۆمەڵگا و نەریت و چاوەڕوانی کۆمەڵایەتی دروستی کردووە و هەرلەبەرئەوەش قابیلی گۆرانە. بەڕاستیش هەنوکە لەسەردەمێکدان هەم ژنان دەتوانن کاری دەرەوە بکەن، هەم پیاوانیش دەتوانن کاری ماڵەوە بکەن..بەخێوکردنی منداڵ وەک ئەرکی تایبەتی ژن و بێ بەریکردنی پیاو لێی جیاوازی جێندەریە..چونکە پیاوانیش دەتوانن ئەم ئەرکە ڕاپەڕینن و وەک ژنان ئەنجامی بدەن، یان ئەو ڕوانینەی پێیی وایە ژنان کەمتر لە پیاوان عەقڵانین و لە پیاوان زیاتر سۆز بەسەر عەقڵیاندا زاڵە، بە پێچەوانەوە پیاوان کەسانی عەقڵانین کە ڕێگە بە سۆز نادەن کۆنتڕۆلیان بکات، ئەم بۆچونانە جیاوازی جێندەرین و هیچ بنەمایەکی ڕاستەقینەیان نیە..ژنان نەک دەتوانن وەک پیاوان زۆر عەقڵانی و چالاک بن، بگرە وەک لەسەردەمی تازەدا دەیبین زۆرێکیان تا سەرۆکی وڵات و سەرەک وەزیران دەڕۆن و بەسەرکەوتویش ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکەن، تەنانەت لەناو دەوڵەتە ئیسلامیەکاندا وەک لە پاکستان بینیمان بەپێچەوانەشەوە سەدان پیاو فەشەل و بێ کەڵکیان لەم کارانەدا دەرکەوتووە وسەلمێنراوە.. ئەمجۆرە جیاوازیانە جیاوازی جێندەرین و هەرئەمەشە ژنان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی ئەم جیاوازیە جێندەریانە نەمێنێت. واتە بیرۆکەی جێندەر لەبەرئەوە بۆ مەسەلەی ژنان گرنگە چونکە تیشک دەخاتە سەر ئەو جیاوازیانەی داب ونەیت و کلتور لەنێوان ژن و پیاودا دروستی کردووە. بەتایبەتی ئەو جیاوازیانەی دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافی ژنان و لە ئازادی و یەکسانی بێ بەشیان دەکات. واتە جێندەر لێکۆڵینەوەیە لەو جیاوازیانەی لەنێوان ژن و پیاودا هەیە کە دروستکراوی کلتور و مێژوو و کۆمەڵگا جیاوازەکانە. زوربەی ئەم ڵێکۆڵینەوانەش ئەوە دەسەلمێنن کە ئەم جیاوازیانە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دی و لە نەریتێکەوە بۆ نەریتێکی دی و لە مێژوویەکەوە بۆ مێژوویەکی دی دەگۆڕێت. هەر هێزە ئیسلامیەکان خۆیان و رەفتاریان باشترین نمونەی ئەم جیاوازیە جێندەریەن کە لە مێژووەیەکەوە بۆ مێژویەکی دی دەگۆڕێت. تا رابردویەکی زۆر دوریش نا و بگرە تا هەنوکەش، هێزی دینی وا هەیە کاری ژنان لە بواری گشتیدا بە قەدەعە و هەڵە دەزانن، بەڵام هەر لەناو ئیسلامی سیاسیدا ژنانێک نەک چالاکن و کاری سیاسی دەکەن، بەڵکو پێش هێزە عەلمانیەکان ژنانیان لە سەرکردایەتی سیاسیدا جێگیر کرد. ژنانێکی ئیسلامی لە پۆستی وەزیرەوە بۆ ئەندام پەلەمان و بۆ کادری سیاسی بەرچاو دەکەون کە لەسەردەمێکی رابردودا هەموو ئەمکارانە تایبەت بوون بە پیاوان. گەر بۆ مێژوویەکی دوورتریش بگەڕەنەوە کە کاری زوربەی لێکۆڵیارانی بواری جێندەرە، ئەوا دەتوانین ئاماژە بۆسەرەتای درووستبوون و لەدایکبوونی ئیسلام وەک دین بکەین. تا پێش درووستبوونی ئیسلام ژن بوون وەک عەیبە تەماشا دەکرا. بگرە لەمێژووی بەر لە ئیسلامدا و لە هەندێک جێگە گەر خێزانێک کچی بوایە زیندە بەچال دەکرا. کەسێک کچی ببێت و کوڕی نەبێت هەستی بە شەرمەزاری دەکرد. لە یۆنانی دێریندا ژنان هیچ مافێکیان نەبوو و بۆیان نەبوو لەبواری گشتیدا کار بکەن. ئەرستۆ باسی نزمی ژنانی لەبەردەم پیاواندا دەکرد چ لەڕووی بایەلۆجی و چ لەڕووی عەقڵی و چ لە ڕووی دەروونیەوە، و زاڵبوونی پیاوانی بەسەر ژناندا وەک زاڵبوونی ڕۆح بەسەر جەستەدا، یان زاڵبوونی عەقڵ بەسەر سۆزدا دادەنا. لەگەڵ هاتنی دینی ئیسلامدا نەک ئەم وێنەیە گۆرا بەڵکو ژنانی وەک پیاو بە بەندەی خودا لەقەڵەمدا و زیندەبەچالکردن و کوشتنیانی بە تاوان دەزانی. کوشتنی کچ لەبەرئەوەی کچە، کوشتنی ڕۆحێکی ئینسانی بوو کە خودا درووستی کردووە(یا ایها الناس انا خلقناکم من ذكر و انثى…) العمران: ٣/١٩٥. واتە چ نێر و چ مێ درووستکراوی خودان و لەپاڵ یەکدان وهەمان ئەرکیشیان لەسەر شانە: ((و المؤمنون و المؤمنات بعضهم اولياء بعض يامرون بالمعروف ، ينهون عن المنكر و يقيموون الصلات ، يؤتون الذكاة و يطيعون الله و ص رسوله اولئك سيرحمهم الله ان الله عزيز الحكيم)) التوبة: ٩/١٧.
گەر بەراوردی دۆخی ژنان پێش ئیسلام، بە دوای ئیسلام بکەیت، چیت بۆ دەردەکەوێت. ژن هەر ژنە و پیاویش هەر پیاوە..لەڕووی بایەلۆجیەوە نەگۆرن و وەک خۆیان ماون، ئەی ئەوەی دەگۆڕێت چیە؟ جیاوازی جێندەرەیە لە سەرەدەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی. لەسەردەمێکەوە کە کچ بوون عەیبەیە و هەندێک دەیانکوژن. بۆ سەردەمێک کەکچان وەک پیاوان درووستکراوی خودان و وەک یەکیش ئەرک و پاداشتیان هەیە.
لەسەردەمێکدا کە ژنان لەمافی خوێندن و تەنانەت لە مافی دەنگدان بێ بەش دەکران، لەبەرئەوە نیە کە ژنن، بەڵکو لەبەرئەو جیاوایە جێندەریەیە کە کۆمەڵگا و نەریت دروستی کردووە. تاسەردەمێکی نزیک وەرزشکردن بوارێکی تایبەت بە پیاو بوو، بگرە لە هەندێک شوێن تا هەنوکەش هەندێک گەمە بۆ پیاوان پاوان کراوە، بەڵام هەنوکە و لە زۆر شوێن تەنانەت لە دەوڵەتە ئیسلامیەکاندا ژنان نەک هەر وەرزشدەکەن، بگرە لە بۆنە و کێبڕکێی جیهانیەکاندا بەشداری دەکەن و پلەی بەرز و هەندێکجار یەکەمیش بەدەست دێنن. سەردەمێک فتبۆڵ بەیاریەکی پیاوانە ئەژمار دەکرا، بەلام هەنوکە ژنانیش فتبۆڵ دەکەن و بگرە وەک فتبۆڵی پیاوان مۆندیالی فوتبۆڵی ژنان هەیە کە سەدان دەوڵەت بەشداری تێدا دەکەن، بە دەوڵەتە ئیسلامیەکانیشەوە. نموونەی نزیکتر کە ئەم ماوەیە روویدا لە مۆندیالی قەتەردا بوو. تا پێش مۆندیالی قەتەر کاری داوەریکردنی گەمەکان پیاوان بوون، بەڵام لەمۆندیالی قەتەردا بۆ یەکەمجار ژنان وەک داوەری گەمەی فتبۆڵی پیاوان لەناو دەوڵەتێکی ئیسلامیدا بەشداریانکرد.. تا ڕابردویەکی نزیک کەس بە خەیاڵیدا نەدەهات، داوەری گەمەی تۆپین ژنێک بێت، ئەمکارە تەنیا پیاوان ئەنجامیدان دەدا، بەڵام هەنوکە و بێ هیچ کێشەیەک ژنانیش داوەری دەکەن وبە بەسەرکەوتویش داوەریەکە ئەنجام دەدەن.
ئایا ژنانێکتان نەبینووە کە تەنانەت لە کەناڵی هێزە ئیسلامیەکاندا پێشکەشکاری بەرنامەن، یان لە کۆڕ و سەمینارەکاندا باس پێشکەش دەکەن، یان لە زانکۆ و پلە سیاسیەکاندا بە جلوبەرگی دینیەوە دەردەکون و لەکارەکانیانیشاندا سەرکەوتوون؟ ئەی ئەوەتان نەبینووە کە رەنگە هەر ئەمکارە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا مومکین نەبوو؟ ئەمەیە جیاوازی جێندەری لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی. ژن و پیاو لەڕووی بایەلۆجیەوە لەیەک جیاوازن، بەڵام ئەم جیاوازیە بایەلۆجیە ناتوانێت دیاریکەری ئەرک ومافی جیاوازی هەریەک لە ژن و پیاو بێت. ئەو دەور و چاوەڕوانیانەی لە ژن و پیاو هەیە، دروستکراوی کۆمەڵایەتین و وەک خەسلەتی بایەلۆجی نین کە نەگۆر و خواکرد بن. ئەمە پوختە و ناوەڕۆکی سەرەکی جێندەرە. هەرشتێکی دی دوای ئەمە دەگوترێت جگە لە شێواندن و هەڵە لێکدانەوە هیچی تر نیە.
ماری هولمز لە کثێبەکەیدا بەناوی((جێندەر چیە)) پەرەگرافێک دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی باشتر لەوە تێبگەین جێندەر مانای چیە. ماری هولمز دەنوسێت: ((کڕێس هەستاو چوو بۆ حەمام. بیجامەکەی لەسەر زەویەکە فڕێدا و چوو ژێر دوشەکە. پاش ئەوەی سەری بە سابون شت و ئیتر کاتی ئەوە هات وشکی بکاتەوە. پاش ووشک بوونەوە هەندێک کرێمی لە قژیدا و هەندێک بۆنی لە خۆیدا..)) کاتێک ئەم پەرەگرافە دەخوێنیتەوە چیت بۆ دەردەکەوێت ئایا کریس ژنە یان پیاو؟ بەتایبەتی کە ماری هوڵمز هیچ ئاوەڵناوێک بەکارناهێنێت کە دیاری بکات کریس کێیە ژنە یان پیاو. ناوی کریس دەشێت هەم بۆ ژن و هەم بۆ پیاو بەکاربهێنرێت. رەنگە تۆ بڵێیت کریس پیاوە، چونکە وێنای تۆ بۆ پیاو لەبەشێکیدا ئەوەیە گرنگی بە جلوبەرگ و ڕێکخستن نادات و مادام جل بەرگەکەی لەسەر زەوی فڕیداوە، کەوابوو کریس پیاوە؟ یان ڕەنگە بڵێت نا کریس ژنە، چونکە بە گشتی ژنان زۆرتر کرێم و بۆن بەکار دەهێنن. ئەوەی لێرەدا وامان لێدەکات کریس بەژن یان پیاو بزانین، بینینی جەستەی جیاوازیان نیە، بەڵکو ئەو وێنایەیە کە لە زیهنی ئێمەدا بۆ رەفتاری ژن و پیاو هەیە. ئەم وێناو و تەسەورەش بەرهەمی کلتوور و نەریت و ڕاهاتنە بە جۆرێکی دیاریکراوی سەیرکردن بۆ ژن و پیاو. جێندەر ڵێکۆڵینەوەیە لەم قاڵبی بیرکردنەوانە کە وامان لێدەکات هەندێک رەفتار بە ژنانە و هەندێکی دی بە پیاوانە بزانین. چونکە ئەم قاڵبانە هیچ بنەمایەکی راستەقینەیان نیە و بگرە زۆر قابیلی گۆڕانن لەناوی یەک کلتور و لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی. ئەوەی کریس جلوبەرگەکەی فڕیدایە سەر زەوی و وای لێکردیت هەستبکەیت کرێس پیاوە، هەڵەیە چونکە هەزاران پیاو هەن جلوبەرگ لەسەر زەوی فڕێ نادەن و بگرە ڕەنگە لە ژنانیش زیاتر وەسواسی ڕێک وپێکیان هەبێت و تابە شوێنێکدا هەڵینەواسن، ئارام نەگرن. ئەوەی کریس کرێم و بۆن لە خۆی دەدات وای لێکردی بلێیت کریس ژنە، هەڵەیە، چونکە پیاوانێکی زۆریش لەم سەردەمەدا هەن کە کرێم و بۆنیش بەکار دەهێنن. بەکورتی جێندەر لێکۆڵینەوەیە لەو جیاوازیە مرۆڤکردانەی هەریەک لە ئێمە رەفتاری هەریەک لە ژنان و پیاوانی پێ دەناسینەوە. نموونەیەکی تر کە زۆر لە زمانی کوردیدا باوە و هەموو (بەخۆشمەوە) پێی راهاتووین و دەیانجار لە ژیان و ئاخاوتنی ڕۆژانەدا بەکاری دێنین چەمکی ئازایەتی و ترسنۆکیە، کەسێک کە کاری ئازایانە و مرۆڤانەی گەورە ئەنجام دەدات: دەڵێن بەراستی پیاوە. کەسێکیش کە لە هەڵوێستێکدا دەترسێت دەڵێن ئەوە چیە ئەلێت ژنیت. ئەم شوبهاندنەی ئازایەتی و ترسنۆکی بە پیاوەتی و ژنێتی هیچ پەیوەندی بە پێکهاتەی جیاوازی جەستەیی ژن و پیاوەوە نیە، بەڵکو وێنا و تەسەورێکە کە پێوەی پەروەردە بووین و ڕاهاتوین پێیی. بەڵام لە واقعدا چیمان هەیە، ژنانێک سەدهێندەی پیاوان ئازا و جەربەزە و و چاونەترس. پیاوانێکیش ترسنۆک و بێ هەڵوێست و بێدەنگ. دەی جێندەر لێکۆڵینەوەیە لەم جیاکاریە ناهەقانە و بیر خستنەوەی ئەوەیە چ ئازایەتی و ج ترسنۆکی و کاری گەورە و خراپ تایبەت نین بە ڕەگەزێک و هەردوو رەگەزەکە هەم دەشێت ئازا و کاری گەورە بکەن و هەم دەشێت ترسنۆک وکاری خراپ بکەن. لێرەوە یەکێک لە هەوڵەکانی جێندەر هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی ئەمجۆرە زمان و ئاخاوتنە کە وێنەیەکی نێگەتیڤ بە رەگزێکیان دەدات کە تاکە خاوەنی نیە، و وێنەیەکی پۆزەتیڤیش بە رەگزێکی دی دەدات کە دیسان تاکە خاوەنی نیە.
جێندەر هەوڵدانی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەو هۆکارانەی ئەمجۆرە جیاوازیە دروست دەکەن و هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەم جیاوازیانە کەم بکەنەوە کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافی ژنان و ئیمتیازی زیاتر بۆ پیاوان. بەکورتی و کوردی جێندەر باسی ئەو جیاوازیانە دەکات کە مرۆڤ کردن نەک خواکرد. جێندەر هەوڵدانە بۆ دابەشکردنی یەکسانی ئەرک و مافەکانی ژن و پیاو و ئەو دەورانەی لە کۆمەڵگادا دەینین. هەوڵدانە بۆ کۆتایهێان بە زاڵبوونی پیاو بەسەر ژندا و بەخشینی هەلی یەکسان لەبەردەم هەردوکیاندا. جیاوازی جێندەری ئەو جیاوازیە کۆمەڵایەتی و کلتوریانەیە کە لەنێوان ژن و پیاودا هەیە. بەوەشدا کە کلتور و کۆمەڵگاکان بەردەوام دەگۆرین و ئەرک و دەوری کۆمەڵایەتیەکانیش دەگۆڕین، لەبەرئەوە بێگومان جیاوازی جێندەریش گۆرانی بەسەردا دێت. جێندەر نکوڵیکردن نیە لە بوونی ژن و پیاو وەک دوو جەستەی جیاواز لەڕووی بایەلۆجیەوە، بەڵکو نوکڵیکردنە لە ئەرک و مافی جیاواز بۆ هەریەک لە ژن و پیاو. ژنان و پیاوان دوو بوونەوەری ئینسانین و نابێت و راست نیە جیاوازی بایەلۆجیان ببێتە هۆی زاڵبوونی و باڵادەستی یەکێکیان بەسەر یەکێکی دیدا. گرنگی ئەم چەمکەش هەر لێرەوە دێت. ئەم چەمکە نەگۆڕ و گۆڕاو لەنێوان ژن و پیاودا دیاری دەکات. نەگۆڕ جیاوازی پێکهاتەی جەستەیی ژن و پیاوە و گۆڕاویش ئەو دەور و ئەرکانەیە کە هەریەک لە ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا دەینینن کە بەدرێژایی مێژوو لەناو یەک کلتوردا و لە کلتورێکی دیەوە بۆ کلتورێکی دی، گۆرانیان بەسەردا دێت و هاتووە.
بێگومان دەشێت وهەیە و زۆریشە کە دژی ئەمجۆرە یەکسانیەن و پێیان وایە یەکسانی تەواو لە نێوان ژن و پیاو دانیە و بەرگری لێ ناکەن. تا ئێرە ئاساییە بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە و شێواندن و بەلارێدا بردنە یەکسانکردنی بیرۆکەی جێندەرە بە رەگەزخوازی. ئەم باسی ڕەگەزخوازی لە چیەوە هاتووە؟
هەموومان دەزانین ڕەگەزخوازی دیاردەیەکی تازە نیە و بگرە بە درێژای مێژوو هەبووە و هەیە. یەکێک لەو پرسیارانەی دەروونساکان لە خۆیان کرد ئەوەبوو کە چیە وادەکات رەگەزێک حەز لەرەگەزەکەی خۆی بکات؟ رەگەزخوزی بۆ هەیە و هۆکارەکانی چین.
هەندێک زانا پێیان وایە جینێکی تایبەت هەیە لەو کەسانەدا کە وایان ڵێدەکات رەگەزخواز بن..بەڵام تا ئێستا بوونی ئەم جینە نەسەلمێراوە. دەرونشیتکارەکان هۆکانی دەگەرێنەوە بۆ قۆناغی مناڵی و باسی خراپی پەیوەندی نێوان کوڕ و دایک لەلایەک و کچ و باوک لەلایەک دەکەن..هەندێک لە کۆمەڵناسان دەیگەڕینەوە بۆ فەزای کۆمەڵایەتی و بۆ پەروەردەی هەڵەی دایک و باوک، بەتایبەتی کاتێک دایکێک کە ئەزموونی باشی لەگەڵ هاوسەرەکەی نەبووە و رقی لە پیاو هەستاوە و ئەم ڕقە بۆ کچەکەی دەگوێزێتەوە، یان باوکێک کە ئەزموونی خراپی خۆی لەگەڵ ژندا بۆ کوڕەکەی دەگوێزێتەوە. هەندێکی دی دەیگەڕینەوە بۆ کێشەی هۆرمۆنات و کەم و زیای هۆرموێکی دیاریکراو لە جەستەی مرۆڤدا.
بۆچوونی تر ئەوەیە کە پێی وایە لە بنەرەتدا رەگەزخوازی شتێکی ئاساییە و لە ئەزەلەوە هەبووە و دەمێنێت و پێویست ناکات بۆ هۆکارەکانی بگەڕێین. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە سوود لە چەمکی جێندەر دەگرن و بەشێوەیەکی زۆر جیاواز و دەگمەن بەکاری دێنن. ئەم کەسانە دەڵێین مادام شوناسی جێندەری جیاوازە لە شوناسی بایەلۆجی، ئەوا دەکرێت و دەشێت شوناسی جێندەری ناکۆک بێت لەگەڵ شوناسی بایەلۆجیدا. واتە دەشێت کەسێک ژن بێت بەس هەستبکات شوناسێکی جێندەری پیاوانەی هەیە. یان پیاو بێت و بەڵام شوناسە جێندەریەکی ژن بێت. سەرنج لەوە بدەن جێندەر باسی ئەوە ناکات شوناسی بایەلۆچی ناکۆکە بە شوناسی جێندەری، بەڵکو باسی ئەوە دەکات ئەم جیاوازیە بایەلۆجیە بەڵگە نیە بۆ ئەوەی دەورو و شوناسی ژن دیاری بکات لە کۆمەڵگادا. جێندەر دەڵێت راستە ژن مناڵی دەبێت، شیردەرە، پێکهاەتی جەستەی جیاوازە لە پیاو، بەڵام هیچ یەک لەم خەسلەتانە نابنە هۆی ئەوەی بڵێن ژن لە پیاو بێ عەقڵترە، لەو ترسنۆک ترە، توانای کاری دەرەوەی نیە، ئەرکی چواردیواری ماڵە و ناتوانێت لە بواری گشتیدا کارا بێت…و هتد.
بەڵام ئەمە تەنیا بۆچوونی ئەو کەسانەیە کە بەرگری لە رەگەزخوازی دەکەن و بۆچوونی هەموو ئەو کەسانە نیە کە بەرگری لە جێندەر بە ئاراستەی یەکسانی ماف و ئەرکی ژن و پیاو دەکەن. بەرگری لە رەگەزخوازیش زۆر پێش چەمکی جێندەر هەیە و دوای ئەویش هەر دەمێنێت. جێندەریش تاکە بەهانەی بەرگریکردن نیە لە رەگەزخوازی. بەڵکو هەندێک مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، چەمکی یەکسانی بۆ بەرگریکردن لە رەگەزخوازی بەکار دەهێن. ئایا لەبەرئەوەی رەگەزخوازەکان ئەم چەمکانە بۆ بەرگری لە خۆیان بەکار دەهێنن، کۆمیدی نیە بڵێن کێ باسی ئازادی یان یەکسانی، یان مافی مرۆڤی کرد، واتە باسی ئازادی رەگەزخوازی و یەکسانی رەگەزخوازی دەکات؟.چەند هەڵەیە بڵێین ئەوەتی باسی مافی مرۆڤ دەکات، دەیەوێت مافی رەگەزخوازەکان بسەپێنێت، هەر هێندەش هەڵەیە گەر بگوترێت ئەوەی باسی جێندەر دەکات، واتە مافی رەگەزخوازی دەسەپێنێت. مێژووی هەموو چەمکێک و دروشمێک بەم دەردە چووە و کەسیش نیە لەسەر ئەمە دەستبەرداری ئەو چەمکانە بێت. فەمەنیزم لەبەشی گەورەیدا بریتی بوو لە خەبات بۆ یەکسانی ژن و پیاو، بەڵام هەر ئەم چەمکە لەسەر دەستی لقێکی توندرەو بوو بە دژایەتی پیاو لەلایەن ژنەوە و بگرە بوو بە بەهانە بۆ دەستبەرداربوون لە پەیوەندی بە پیاوەوە و هاندان بۆ پەیوەندی ژن وژن. ئایا هەڵە نیە ئێستا هەرکەس باسی فەمەنیزمی کرد، بەوە تاوانباری بکەین کە دژی پیاوەو بگرە لەگەڵ هیچ جۆرە پەیوەندیەک نیە لەگەڵ پیاودا؟ جا بۆ دوور بڕۆین و هەر با باسی ئێسلام بکەین. ئایا ئەم دینە لەسەردەستی کەسانێک نەبوو بە داعش و هەر ئەو ئایەت و فەرموودانەشی بەکار نەهێنا کە قورئان و فەرومودەکانی پێغەمبەرە؟ ئایا گەمژەیی نیە بڵێن هەر کەس باسی دینی ئیسلامی کرد، واتە باسی داعش دەکات؟ لەراستیدا گەمژەیی یەکسانکردنی جێندەر بە رەگەزخوازی، ڕێک وەک گەمژەیی یەکسانکردنی دینی ئیسلامە بە داعش. ڕێک وەک یەکسانکردنی فەمەنیزمە بە دژایەتی پیاو.
سەنتەرکانی جێندەریش کلە کوردستاندا کاری سەرەکی و لاوەکیان بریتیە لە بەرگریکردن لە مافی یەکسانی ژن و پیاو و بەیەک وشە یەکسانی جێندەری..واتە یەکسان بوون لەهەموو ئەرک و مافەکاندا و بەشداریکردن هاوشانی پیاو لەهەموو بوارەکاندا. سەنتەرەکانی جێندەر کلە کوردستاندا خەبات دەکەن بۆ ئەوەی ئەو وێنە نێگەتیڤ و ناڕەوایە بگۆرن کە ژن وەک بوونەوەرێکی کەمتر لە پیاو، ترسنۆک و ناعەقڵانیتر لە پیاو تەماشا دەکەن. جا گەر برایانی ئیسلامی دژی ئەمەن، ئەوا بە دژایەتی خۆیان راگەیەنن و هثچ کێشەیەک نیە. باش یان خراپ بکەن خۆیان باجەکەی وەردەگرن. بەڵام ناشرینە و نا ئەخلاقیە باسەکە بشێوێنت و وەک بەرگری لە رەگەزخوازی باسی بکەیت.
جێندەر لە چەمکێکی زانستیەوە بۆ پەلاماری سوشیال میدیای یەکگرتووی ئیسلامی
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan.
“Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.