سۆران حەمەڕەش
هەمیشە ئەوە دووبارە دەکەمەوە، هیچ شتێک هێندەی سەنگەرگرتن لەیەکتری زیان بە کۆمەڵگە نادات. هەر دەستەیەکی ئەم سەنگەرانە، دەستبەجێ هەرچیەک لە سەنگەرەکەی ترەوە بێت ڕەتی دەکەنەوە. زۆر شت لە کۆمەڵگەی کوردیدا بووەتە قوربانی ئەم سەنگەر لەیەکتر گرتنە. نەورۆز و سەلاحەدینی ئەیوبی و چەندین بابەتی تر، نموونەی ئەو قوربانیانەن. ئاکامەکەشی لێڵکردنی ڕاستیەکانە لە خەڵکی ئاسایی و زیاندانە لە تێگەیشتن لە بابەتەکان.
لەم ماوەیەدا حاجی کاروان لە پۆستێکدا گووتی:
“جێندەر بە مانای هاوسەرگیریی پیاو لەگەڵ پیاو و ژن و ژن یاخود ژن و پیاو و ئاژەڵ كە ئاژەڵیش ئەمەی قبوڵ نییە!!”
ئەم بۆچوونە شەخسیە کۆمەڵێک گفتووگۆی توڕەی بەدوای خۆیدا هێنا و وایکرد کە تاکی کورد جگە لەو شەڕ و ئاژاوەیە شتێکی ئەوتۆ لە بابەتەکە حاڵی نەبێت. جا لێرەدا بە کورتی هەوڵ دەدەم کە بەشێوەیەکی زانستی، لە دەرەوەی ئاژاوەی نێوان ئەو دوو سەنگەرەدا ئەم بابەتە بە شێوەیەکی سادە بخەمە ڕوو.
وشەی جێندەری ئنگلیزی، لە وشەی فەرەنسی gendre, genre وە هاتووە بە مانای (جۆر، خەسڵەت، ڕەگەز) و لە بنەڕەتدا وشەیەکی لاتینیە لە ڕەگی genus وە هاتووە و کە بە شێوازی خاوەنداری generis لە لاتینیدا هەیە. ڕەگی وشەکە چووەتە زمانی عەرەبیەوە و بە شێوەی (جنس) دەردەکەوێت. ئەم وشە لاتینیە لە کوردیشدا جاران زیاتر بەکاردەهات بەشێوەی (جنس) کە بە مانای (جۆر) بەکاردەهات. بۆ نموونە کەسێک کە جۆرە قوماشێکی جوانی دەبینی، دەیگووت “بەڕاستی جنسێکی جوانە”. وشەکە لە ڕەگی پرتۆتۆ هیندۆئەوروپی gene- وە هاتووە بە مانای “منداڵ بوون” کە ئەمڕۆ وشەی “جین” ی لێ دروستکراوە.
جا ئەگەر لە دەرەوەی ململانێی علمانی و ئیسلامیدا پەنا بۆ فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بەرین بۆ پێناسەی وشەکە ئەوا لە مانای یەکەمیدا دەڵێت “ڕاستی ئەوەی کە نێر بیت یان مێ، بە تایبەت لە کاتێکدا بەپێی جیاوازی کۆمەڵایەتی و کولتوری دەستنیشان دەکرێت نەک جیاوازی بایۆلۆجی؛ ئەندامەکانی یەکێک لە گروپە ڕەگەزیەکان.”
واتە وشەکە لە ئەوروپادا لە بنەڕەتدا بە مانای “ڕەگەز” دێت و هەتاوەکو ئەمڕۆش زۆر ناسنامەی کەسی و پاسپۆرت، لێی دەنووسرێت gender. ڕێک بە مانای وشەی “ڕەگەز”ی کوردی و لەتەنیشتیشەوە زۆر جار دوو بژاردەت هەیە M/F واتە male (نێر) یان female (مێ). لەوێدا لەسەر ناسنەمەکە یەکێکیان هەڵدەبژیردرێت (بڕوانە وێنەی نموونەی ئەو پاسپۆرتە ڕۆژئاواییە). لەبەر ئەوە من تا کۆتایی ئەم بابەتە وشەی ‘ڕەگەز’ لەبری بەکاردەهێنم، چونکە لەوە زیاتر نیە.
بەڵام کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا لە گۆڕانێکی بەردەوامدایە و تاکەکانی مافی زیاتریان هەیە لە شێوەی خۆدەربڕین و خۆپێناسکردندا و ئەو بابەتانە زۆر ئاڵۆزتر دەبن. بۆ نموونە کەسێک کە نێرەموکە دەڵێت، من نە نێرم نە مێ و دروستکراوی پەروەردگارم، بۆ دەبێت هەر ئەو دوو بژاردەیەم هەبێت. لەبەر ئەوە داوا دەکەن با تەنها هەر ئەو دووبژاردەیە نەبێت. هەروەها هەندێک کەس دەڵێن مەرج نیە لە ڕووی جەستەییەوە من نێر بم یان مێ، ئیتر ئەوە یەکلاکردنەوەی بابەتەکە بێت. بەڵکو من هەست دەکەم کامیانم، دەبێت ئەوە دەستنیشانی ڕەگەزی من بکات. ئەگەر سەرنج بدەیت پێناسەکەی ئۆکسفۆرد ئاماژەیەکی بەمە تیایە.
ئەم بابەتە وەک زۆر بابەتی تری کۆمەڵایەتی، هەزاران لێکۆڵینەوە و بۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە کە من نامەوێت بچمە قوڵایی و ئاڵۆزی بابەتەکەوە. لەگەڵ گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکانی ڕۆژئاوادا، بەکارهێنان و مانای ئاڵۆزتر و لێکدانە و لێکۆڵینەوە، لە دوای شەستەکانەوە بەدەوری ئەو وشەیەدا لە ڕۆژئاوادا زیادی کردووە. بۆیە ئەمڕۆ لە دەرەوەی بەکارهێنانی سادەی سەر ناسنامەدا، وشەکە مانا و لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی زۆری بەدوادا هاتووە.
جا ڕوانگەی ئەوەی کە من جەستەم چیە مەرج نیە ئەوە بم، هەر ڕۆژئاوای نەگرتۆتەوە و لە نزیک خۆشمانەوە بێ ئەوەی بزانین، دەیان ساڵە بووە بە مایەی گفتووگۆ ی چڕ و تەنانەت بڕیار و فەتوای ڕادیکاڵ بە پێوەری ڕۆژهەڵات. ساڵی ١٩٨٠ لە وڵاتی ئێراندا، ئافرەتێک کەیسەکەی خۆی بردە بەردەم ئایەتوڵا خومەینی و کاتێک ئەو کەسە کە خۆی بە ژن دادەنا و حاڵەتەکەی بۆ خومەینی باسکرد. دواتر لە ساڵی ١٩٨٧ دا فەتوایەک لە ئێراندا دەرکرا سەبارەت بە مافی گۆڕینی ڕەگەز و هەتاوەکو ئێستاش ئەمە بووەتە یاسا و بەپێی شەریعەتی ئیسلام لە ئێراندا ڕێ دراوە کە کەسێک خۆی بکات بە ژن و لەسەر ناسنامەکەشی ئەوەی بۆ بگۆڕن و دواتریش بتوانێت شو بە پیاوێک بکات. بەو جۆرە بابەتی ڕەگەز بابەتێکی ئاڵۆزە و مەرج نیە هەر پەیوەست بێت بە ڕۆژئاواوە، بەڵکو بابەتێکی گەرم و پەیوەستیشە بە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتەوە و دڵنیام هەزاران کەس لە ناو کۆمەڵگەی کوردیشدا بەبێدەنگی و تەنها ڕووبەڕووی کێشەی دەستنیشانکردنی ناسنامەی ڕەگەزیی ببێتەوە. لە باری سادەییدا وشەکە تەنها (ڕەگەز) ە بەڵام لە ڕووی ترەوە مرۆڤ زۆر جار ڕەگەزی خۆی سادە وەک مێ و نێر نابینێت، هاوشێوەی ئەو ژنە ئێرانیە و هەرچەندە لە ڕووی جەستەییەوە ئافرەتی تەواو نەبوو، بەڵام ئەو ویستی بەو لایەدا یەکلای بکاتەوە.
جا ئەگەر ئەمڕۆ پرسیار بکەیت و بڵێیت وشەی ‘دڵ’ مانای چیە؟ وەڵامەکەی لای زۆربەمان زۆر سادەیە، “یەکێک لە ئەندامەکانی لەشە کە پاڵ بەخوێنەوە دەنێت بۆ بەشەکانی لەش”. بەڵام ئەگەر لە سۆفیەکی پیرمەند بپرسیت دڵ چیە؟ ئەوا بۆ وەڵامەکەی هەندێک جار بە کتێبێکیش ڕزگارت نابێت. لە ڕاستیدا وشەی جێندەریش هەمان شتە. لە بنەڕەتدا مانای (ڕەگەز) دەدات و هەتاوەکو ئێستاش لەسەر زۆر ناسنامە و فۆرم لە ڕۆژئاوا وشەکە بەو مانایە بەکاردێت. بەڵام لەبەر ئەوەی وشەکە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی شەخسی هەیە، هاوشێوی ‘دڵ’بۆ سۆفی، هەزاران کتێب و بابەتی لەسەر نووسراوە. مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە مەرج نیە لە هەر شوێنێکدا ئەو وشەیە باس کرا گورج مرۆڤ لەخۆی ئاڵۆز بکات. لەوانەبوو ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لە باشور باسی ئەو بابەتە دەکەن، گەر لە بنەچەدا هەر وشەی ‘ڕەگەز’ ی کوردیان بەکاربهێنایە، بابەتەکە وا لە خەڵک ئاڵۆز نەکرایە.
کەواتە دەشێت مەبەست لە وشەکە تەنها ئەوە بێت کە تۆ لەسەر فۆرمێک بڵێیت سەر بە کام ڕەگەزیت، بەڵام لە بواری خۆپێناسەکردن و ناسنامەی کەسی و لێکۆڵینەوەدا دەچێتە قوڵایی ئەو بابەتە، بە تایبەت لە ڕۆژئاوا کە مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە کە بە چەندین شێوەی جیاواز لە دەرەوەی ڕەگەزی نێر و مێدا خۆی پێناسە بکات. بەڵام وەک سەرنج درا، لە وڵاتێکی وەک ئێرانیشدا بابەتێک بووە کە فەتوای بۆ دەرکراوە و ئەمڕۆ هەزاران کەس لە ئێراندا سوودیان لەو فەتوایە بینیوە بۆ گۆڕینی ڕەگەزی خۆیان.
جا بە کورتی خۆزگە لە بنەڕەتدا لەبری وشەی (جێدەر) هەر وشەی (رەگەز) بەکاربهاتایە بۆ ئەوەی کە وشەکە لە ناو کۆمەڵگەی کوریدا هێندە نامۆ دەرنەکەوتایە و ئەوانەش کە لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکەن، پێش ئەوەی کە لە خەڵکی ئاسایی ئاڵۆز بکەن، بە سادەیی بۆ خەڵکیان ڕوونبکردایەتەوە و بە ئارەزووش مانای تایبەتیان بۆ دروستنەکردایە.