پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

بەبۆنەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانەوە

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, هەولێر, وتار,

خوێندنەوەیەک بۆ دیاردەی توندوتیژی لەجیهاندا
پەیڕەو ئەنوەر
دەستپێك:
رۆژە جیهانییەکان کەناڵێکن بۆ بەبیرهێنانەوەی پرس-کێشە کۆمەڵگەییەکان، دواتر هۆشیارکردنەوەی بەکۆمەڵ، ناساندنی ناوک، قوڵایی و رەهەندە جیاوازەکانی کێشە و دیاردەکە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجی سەرەکی لەدیاریکردنی رۆژە جیهانییەکان دروستکردنی جوڵە و رایەکی گشتی جیهانییە بۆ کەمکردنەوە و رێگریکردن و زاڵبوون بەسەر گرفتە بونیادییەکان لەڕێگەی دانانی ستڕاتیژ و میکانیزمی گشتگیر و دیاریکراوەوە. هەموو رۆژێکی جیهانی چیڕۆک-رووداوێکی لەپشتەوەیە.
هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، چیڕۆکەکەی کوشتنی سێ خوشکی چاڵاکوانە لەلایەن دەسەڵاتێکی دکتاتۆرەوە. دواتر ئەم رووداوە لەساڵی ١٩٩٩ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فۆڕمێکی جیهانی وەردەگرێت. ساڵانە بەدروشم و تێما Theme ی جیاوازەوە ئەم هەڵمەتە بەڕێوەدەچێت بۆ دروستکردنی جۆرێک لە ئاگایی و هۆشیاری. تێمای هەڵمەتەکەی ئەمساڵ <یەکگرتووبن، رێگری بکەن لە توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان UNITE! Invest to prevent violence against women and girls> وادیارە لەگەڵ ئەم تێمایەدا، کۆمەڵێک داتا و راستی Fact and Figures هەیە لەبارەی دۆخی ژنانەوە دەبێت ئاماژەیان پێ بکەین.
-راستی و داتاکان
Fact and Figures
بۆئەوەی لە هۆکارە بنەڕەتی و یارمەتیدەرەکانی توندوتیژی قوڵبینەوە Root causes and contributing factors و لە وێنە جیهانییەکە تێبگەین، دەبێت چاوێک بخەینەسەر فاکت و داتای نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر دۆخ و هەڵومەرجی توندوتیژی دژ بە ژنان لە جیهاندا.
-پرسی ژن کوشتن بەهۆی ژنبوون و هۆکاری ترەوە
لە هەرکاتژمێرێک لەجیهاندا، ٥ ژن-کچ لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن تەنها بەهۆی رەگەزەکەیانەوە<ژنبوونیانەوە> ئەوەی لە زمانی کۆمەڵناسی و ئێکەدیمیدا پێیدەوترێت Femicide یان Feminicide. ٥٦% بەهۆی هۆکاری ترەوە Homicide دەکوژرێن لەجیهاندا.
-لەساڵی ٢٠٢١، لەهەر ٥ ژنێک، یەکێکیان بەر لە ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە. واتە هاوسەرگیری پێشوەختەیان Early Marriage ئەنجامداوە.
-لەهەرسێ ژنێک، یەکێکیان لەژیانیاندا رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەلایەن هاوسەری ئێستایان یان هاوسەری پێشوویانەوە.
-هەرچەند تاوەکوو ئێستا پێناسەیەکی گشتگیرنییە بۆ توندوتیژی لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە technology-facilitated violence بەڵام لە یەکێتی ئەوڕوپا لە هەر ١٠ ژنێک یەکێکیان لەتەمەنی ١٥ ساڵییەوە رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی Sexual Harassment بوونەتەوە. لەوڵاتانی عەرەبی، ٦٠% ژنان لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
-گۆڕانی کەش و هەوا Climate Change بۆتەهۆی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک، ئاوارەبوون و لەدەستدانی سەرچاوەکانەوە.
-کەمتر لە ٤٠% ی ئەو ژن و کچانەی کە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لە جیهاندا داوای هاوکاری و یارمەتیان کردووە، لەو رێژەیەش زیاتر داوایان لە هاوڕێ یان کەسێکی نزیکیان کردووە.
-١٦٢ وڵات لەجیهاندا یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی laws on domestic violence تێپەڕاندووە و پەسەندکردووە. ١٤٧ وڵات یاسای گێچەڵی سێکسیان هەیە لە شوێنی کاردا. لەگەڵ ئەوەشدا، مەرج نییە هەموو ئەو یاسایانە دادپەروەر و بەگوێرەی پێودان-ستانداردی جیهانی و لەژێر رۆشنایی مافەکانی مرۆڤدا Based on human rights بن.
تێچووی ئابووری بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی
Economic costs of violence
دیارە تێچووی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی توندوتیژی لە جیهاندا لەڕووی ئابووریەوە، بەشێوەی راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ، بینراو و نەبینراو، زۆر دەکەوێت لەسەر دەوڵەت. بۆ نموونە؛ موچەی ئەوانەی لە شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنان لە جیهاندا کاردەکەن راستەوخۆ و بنیراوە بەڵام تێچووی رزگاربوو و قوربانی Victim & Survivor و تاوانبار ناڕاستەخۆ و نەبینراوە و تێچووەکەی لەسەر حکومەت و کۆمەڵگە دەکەوێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ڤێتنام، ١.٤١ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرسی توندوتیژی دەچێت لەکۆی داهاتی بەرهەمی نیشتیمانی Gross Domestic Product.
-ساڵانە لە میسڕ ٥٠٠٠٠٠ رۆژی کارکردن Working days بەفیڕۆدەچێت لە توندوتیژی خێزانیدا، هاوکات ١٤ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی لە کەرتی تەندروستیدا خەرجدەکرێت.
-تێچووی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی Gender Based Violence لە یەکێتی ئەوڕوپا EU لە ٢٠٢١ دا ٣٦٦ ملیار یۆڕۆ بووە. لە ٧٩% ئەو تێچووەش بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بووە.
توندوتیژی سێکسی
Sexual Violence
لە ٦% یا ژنان لە جیهاندا رووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە. هاوکات ١٥ ملیۆن کچی هەرزەکاری تەمەن (١٥-١٩) رووبەرووی سێکسی بەزۆر بوونەتەوە لەجیهاندا.
بازرگانیکردن بە ژن
Trafficking in women
بەتەنها لەساڵی ٢٠٢٠دا لە هەر ١٠ مرۆڤێک کە بازرگانی پێوەکراوە، ٦ی ژنە<٤ کچ و ٢ژن> کەزیاتریان بەدبەکارهێنانی سێکسییە.
توندوتیژی لە قوتابخانەدا
لەجیهاندا، لەهەرسێ قوتابییەکی کچ تەمەن<١١-١٥> لە قوتابخانەدا، یەکێکیان رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە لەلایەن هاوڕێکەیەوە.
خەتەنەکردنی ژنان
Female Genital Mutilation
بەلایەنی کەمەوە ٢٠٠ ملیۆن ژن و کچی تەمەن<١٥-٤٩>ساڵ لە جیهاندا، بەهۆی خەتەنکردنیانەوە ئازار دەچێژن لە ٣١ وڵاتدا کە هێشا خەتەنە تێایدا قەدەغەنەکراوە.
-ژنانی رۆژنامەنووس
بەپێی رووپێوییەکی جیهانی، ٧٣% ژنانی رۆژنامەنووس لە جیهاندا رووبەڕووی توندوتیژی سەرهێڵ On-line بوونەتەوە بەتایبەت لەکاتی هەڵبژارند و لەکایەی سیاسەتدا.
هۆکارەکانی توندوتیژی
لەئەدەبیاتی توندوتیژیدا بەشێوەیەکی گشتی دوو گڕووپ/کاتیگۆری لە هۆکار دیاریکراون: یەکەم:هۆکاری بنەڕەتی Root Cause کە هەردوو پایەی <نایەکسانی جۆری کۆمەڵایەتی Gender inequality و خراپ بەکارهێنانی هێز Abuse of power> لەخۆدەگرێت.
دووەم: هۆکاری یارمەتیدەر Contributing Factors
وەک نەبوونی پەروەردە Lack of education و ژینگە و داب و نەریت و هەژاری و ململانێ و نەبوونی سیاسەتی پاراستن و زۆر هۆکاری تر.
دووماهی:
تێگەیشتن لە دیاردەی زەبروزەنگ و توندوتیژی، پێویستی بە رامان و وردبوونەوەیە لە پێکهاتە و سیستمی کۆمەڵایەتی، سروشتی گڕووپەکانی، کۆدەزگا و پەیوەندی و نۆرمەکانی و … هتد هەموو توندوتیژی یان زەبروزەنگێکی بەرهەمهاتوو و ئامادە، زەمینە و هەڵومەرجی تایبەت بەخۆی هەیە بەتایبەت توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی GBV و SGBV کە پاڵنەر و هۆکار و دەرهاوێشتەکانی فرەچەشن و فرەرەهەندن و دەبێت بەڕێگەی کایەی فرە بوارەوە Inter-disciplinary field مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لێی بکۆڵرێتەوە بەتایبەت توێژینەوەی زانستی بەردەوام، بوونی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە زەبروزەنگ و بەرهەمهێنانی داتای پاک و تازە بەتایبەت کاتێک دیاردەی توندوتیژی بەوە دەناسرێت کە دینامیکیەتێکی زۆری تێدایە و بەردەوام خۆی دەگۆڕێت و بەرهەمدەهێنێتەوە.
تێبینی: داتاکان لەلایەن رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پڕۆسەی کۆکردنەوەیان Data collection بۆ کراوە و بەمیتۆدی تایبەت بەخۆیان و لینکەکەی بەزمانی ئینگلیزی لە کۆمێنت دادەنێم.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن redcode
Image
jkbkbnllknl

بابەتە هاوشێوەكان: