پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

بینەزیر بۆتۆ “کچى قەدەر”

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,
بینەزیر بۆتۆ “کچى قەدەر” وەکو خۆى حەزى لێ بوو ئەو ناوەى لێ بنرێت یان “کچى رۆژهەڵات” وەکو جیهان بەناوىان دەکرد کوژرا…… سەرۆک وەزیرانى رابردووى پاکستان گەیشتە باوک و براکەى کە ئەوانیش لە پێش خۆى تووشى هەمان چارەنووس هاتبوون. وەکو بڵێى شانس واى دەخواست خێزانى زلفەقار عەلى بۆتۆى سەرۆکى کۆچکردوى پاکستان هەموو تووشى هەمان لەعنەتى تیرۆر بن، کە تا سەرۆکى کۆچکردووى هند گاندى و خێزانەکەى ئەوەى دواى ئەوانیشى گرتەوە.
چیرۆکى بێنەزیر بۆتۆ وەکو درامایەکى ئیغریقییە، بەڵام بە رێبازى رۆژهەڵاتى، کە بۆ نەهێشتنى دژ بەرە سیاسەییەکانى پەنا بۆ تەقاندنەوەى جەستەیى دەبات، لەگەڵ تەعدیلێکى ساکاردا کە ئەویش هەبوونى ئەمریکییەکانە لە پشت دیمەنى تیرۆرەکەدا. ئەو دیمەنە تاوانبارییەى کە بەشێوەیەکى هەلپەرستانە چاودێرى داخوازى گەڕانەوەى بۆتۆ و ئەو تەماحەیان بۆ گەڕانەوەى دەسەڵات لەچنگی جەنەڕاڵ موشەرەف دەکرد کە گۆشەگیرى کردبوو، زیندانى کردبوو، نەفى دەرەوەى کردبو، هەروەها ئیتر ئەستێرەى موشەڕەفى هاوپەیمانە کۆنەکەیان ونبوبوو. پێویستیان بە بەدیلێکى نموونەیى وەکو بێنەزیر هەبوو، کە بەهێز لە دەستى تاڵیبان و قاعیدە بدات و ئەتۆمى پاکستان تەئمین بکات. دەست بگرێت بەسشەر جەماعەتى ئسلامییەکاندا، مامەڵەیەکى ژەهراویان رێکخست تا دەسەڵات لەگەڵ موشەڕەفدا دابەش بکات، کە کەس پێى رازى نەبوو تەنانەت موشەڕەف خۆشی.
لێرەدا ئەمریکییەکان لە بەرژەوەندى خۆیاندا بۆتۆتیان بەرەو مردن هاندا، کاتێک رووبەڕووى هەموو لایەنەکانیان کردەوە تەنانەت نەواز شەریفى سەرۆک وەزیر کە لەگەڵ خۆیدا ناردبوویان بۆ پاکستان، وەکو کارتێک بۆ نیشاندانى دیموکراتى، تا سەرلەنوێ بیگەڕێننەوە بۆ دەسەڵات، پاش گەڕانەوە هاوپەیمانییەکى لەگەڵ بەستوو لەدژى موشەڕەف، کە دەتوانرێت بە “زەواجى موتەعەى سیاسى” ناوى لێبکرێت. بەڵام ئەو لەو تێڕوانینەى خۆى بەردەوام بوو، کە بۆتۆ بەرهەمێکى ئەمریکییە و ئامادەکراوە و رۆژێک دێت ئەویش لە گۆڕەپانەکە دوور دەخاتەوە. لەم روانگەیەوە پەنجەى تاوان بۆ ئەویش درێژ دەکرا بە بۆنەى تیرۆرەکەیەوە!!
پاش بیست ساڵ لە جیابوونەوە بینەزیر بۆتۆ گەڕایەوە پەیوەندى کرد بە باوکییەوە کە پێشى کەوتبوو بۆ مردن لەنێوان ئەو و مورتەزاى براى و شا نەواز نیشتەوە، کە ئەوانیش پێشی کەوتبوون بۆ قەبرستانى بنەماڵەیى.
تیرۆر کردنى سەرۆک وەزیرانى پێشووى پاکستان بینەزیر بۆتۆ قەدەرێکى تراژیدى بۆ بنەماڵە و باوکى کۆچکردووى بەجێ هێشت، زولفەقار عەلى بۆتۆ دەسەڵاتدارى رابردووى پاکستان کە ئەویش دوو ساڵ لە کودەتاى جەنەرال زیاحەق و خۆى و براکانى، مورتەزا و شا نەواز لە سێدارە درابوون.
بینەزیر بۆتۆ هەڵمەتى دواى لیواى رەچەڵەکى سیاسى باوکى بوو، برا گەورەکەى مورتەزا، کەوا شیمانە دەکرا وەکو سەرۆکى حزب رۆڵێکى زیاتر بگێڕێت، پاش رووخانى حوکمى باوکى رایکرد بۆ ئەفغانستانى شیوعى ئەوکاتە. لەوێوە لە چەند پایتەختێکی رۆژهەڵاتى ناوینەوە قیادەى بۆ جەماعەتێکى چەکدار کرد بەناوى زوڵفەقار لە دژى دەسەڵاتى سەربازى پاکستان.
کاتێک مورتەزا لە مەنفا بوو لە هەڵبژاردنى ساڵى (1993) سەرکەوتنى بەدەست هێنا دواتر گەڕایەوە تا بۆ ماوەیەکى کەم بە فیشەک لە زروفێکى مژاویدا لە ساڵى 1996 بکوژرێت. بەڵام براکەى ترى شا نەواز خاوەن چالاکى سیاسى بوو ، بەبێ بەکارهێنانى چەک. ئەویش ساڵى 1985 بە کوژراوى لە شوقەکەی لە ریفراى فەرەنسى دۆزرایەوە.
ئیتر سڕەى بێنەزیر بۆتۆی یەکەم و بچووکترین ژنە سەرۆک وەزیر لە وڵاتێکى ئیسلامى نوێدا هاتووە کە لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات تێکۆشانى دەکرد. ئەو کچى بیست و چوار بەهار بوو کە پەیمانى دابوو بە رێبازى خۆى وەکو خۆى دەڵێت تۆڵەى کۆچى باوکى بکاتەوە. بەڵام ژیانى سیاسى کە بۆ ماوەیەک بە نوێگەرى دیموکراتییەوە بەسترابۆوە، هەروەها لە گەندەڵیش کەم نەبوو.
بینەزیر بۆتۆ لە زنجیرەى خیبَزانێکى خاوەن نەریتى سیاسى قوڵ و کۆنە و لە ژینگەیەکى نزیکى ئەرستۆکراتییە بە دابونەریتى کۆمەڵایەتى، لەبەرئەوە بۆتۆ لە منداڵیدا لەنێو ژیانێکى رەفاهدا بوو، شانسى خوێندنى بەرز لە زانکۆى رۆژئاوا بەدەست خستبوو توانى لە ساڵى 1976 ببێتە یەکەم خوێندکارى ئاسیایى موسوڵمان کە سەرۆکایەتى یەکێتى خوێندکارانى زانکۆى ئۆکسفۆرد بباتەوە.
بەنیسبەت ئەوانەى کە لە نزیکەوە بینەزیر بۆتۆ دەناسن خاوەن کەسایەتییەکى عیناد و سەرنجڕاکێش و سووربون لەکاردا بەدەردەکەوت، هەندێک لایەنى پەلەکردنى هەبوو، هەرچەندە خاوەن مەیلێکى رۆژئاوایى و نیگایەکی لیبڕاڵیش بوو، هەروەها هەڵسوکەوتى بەوشێوەیە نیشان دەدات کە بە قوڵایى ژنێکى ئاینداریشە، هەروەها گووتبووی فاتمەى زەهرا کچى پێغەمبەر نموونەى هەرە بەرزى ژیانێتى زۆر جار سەردانى عەرەفات و مەرقەدى ئەولیاکانى دەکرد.
بینەزیر بۆتۆ یەکەم منداڵى زولفەقارى عەلى بۆتۆى پاکستانى بە ئەسڵ سندپیە مێردەکەى بیجۆم نەسرەت بۆتۆ پاکستانى بە ئەسڵ کوردى ئێران بوو. بەڵام باپیرى سیر شا نەواز بۆتۆ کە ریشەکەى دەگەڕێتەوە بۆ شارى باتۆکالان لە ولایەتى هاریاناى هندى.
بینەزیر باوکى زوڵفەقار عەلى بۆتۆ لە سەرەتاى حەفتاکاندا سەرۆک وەزیرانى پاکستان بوو حکومەتەکەى یەکێک بوو لەو حکومەتانەی کە دەگمەن بوو، لە سێ چاخدا سەرباز سەرۆکایەتى نەدەکرد.
بینەزیر بۆتۆ لە هەرێمى سند لە ساڵى 1953 لەدایک بووە لە هەردوو زانکۆى ئۆکسفۆردى بەریتانى و هارفۆردى ئەمریکى خوێندوویەتى. پشتى بە رەچەڵەکى باوکى بەستووە تا سەرکەوتنى سیاسى ئاوا بکات. ئەو بۆچوونێک بۆ خێزانەکەى تۆمار دەکات کە وەکو خێزانى هەرو گاندى دراوسێیانە لە هندستان.
رۆژهەڵات وا سەیرى دەرچووى زانکۆکانى ئۆکسفۆردو هارفۆرد دەکات کە کچى رۆژئاوایە، لەبەرئەوە شیمانە بۆکرابوو کە هەر بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەى ئەو بابەتەى کە لەکاتى گەڕانەوەى لە مەنفا لە 18ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2007 جەختى لەسەر بکاتەوە پەیمان دانە بە گەڕانەوەى دیموکراتى بۆ وڵاتەکەى.
راستە کوشتنەکەى بینەزیر بۆتۆ جارێکى دیکە سەرنجمان رادەکێشێتە سەر لە سێدارەدانى باوکى و کوشتنى براکەى مورتەزا شا نەواز بەڵام ئەم ژنە پێویست بوو کلتورێکى رۆژهەڵاتى هەڵبگرێت، خاوەن ئەو توانایە بوو کە لەسەر رێبازى دانوستاندن موخاتەبی سەر رۆژئاواییەکان بکات.
لەپاش لەناوچوونى باوکى لە سەرەتاى حەفتاکاندا، راکردنى مورتەزا بۆ ئەفغانستانى شیوعى دواتر بۆ سوریا لە پاش ماوەیەک تیرۆرکردنی، دایکى واتە نەسرەت سەرۆکایەتى پارتەکەى کرد، بەڵام لە سەرەتاى حەفتاکاندا سەرۆکایەتى حزب رادەستى ئەو کرا.
پاش تەخەروجى لە ئۆکسفۆرد لە سەردەمى جەنەڕال زیاد ئەلحەق لە ساڵى 1986 بینەزیر گەڕایەوە بۆ پاکستان تا لە هەڵبژاردنى 1988 دا سەرۆکایەتى دایکى بخات، بەڵام دواتر دەرکى کرد دایکى سەرۆکایەتى بۆ کوڕە گەنجەکەى مورتەزا داناوە.
هەندێک کەسایەتى رۆژنامەنووسى سیاسى بە ئاشکرا باس دەکەن بینەزیر بۆتۆ کاتێک هاتەوە بۆ پاکستان لە ساڵى 1986دا لەم بارەیەوە زەفار عەباس سەرنووسەرى رۆژنامەى “فەجر”ى پاکستانى گووتى ئەو ساتانە وەکو بڵێى هەموو شارى لاهور لە ماڵەکانیان دەرچووبوون تا پێشوازى بینەزیر بۆتۆ بکەن، کاتێک گەیشتە فڕۆکەخانەى نێو دەوڵەتى.
پارتەکەى بینەزیر بۆتۆ زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمانى لە هەڵبژاردندا بەدەست هێنابوو لە پاش کوژرانى زیا ئەلحەق لە رووداوى کەوتنە خوارەوەى فڕۆکەدا، بەڵام ئەوە ئاشکرابوو کە ئەو ناتوانێت حکومەت تەشکیل بکات تا حسابی لەگەڵ سەربازەکاندا یەکلایى نەکاتەوە، چونکە سەرباز لە زۆربەى دامودەزگاکانى دەسەڵاتدا لە پاکستان باڵا دەست بوون لەو کاتەدا.
کاتێک بینەزیر بۆتۆ لە 2 دیسەمبەرى ساڵى 1988 بە سەرۆکى حکومەت دامەزرا پشتگیرى لە هەڵبژاردنى غولام ئیسحاق خان کرد کە ئەویش لەلایەن سەربازەکانەوە پشتگیرى دەکرا، تا پلەى سەرۆکایەتى بەڕێوە ببات بۆ ماوەى پێنج ساڵێش وەکو سەرۆکى وڵات بە زۆرینەى دەنگ و بە پشتگیرى پارتى گەلى پاکستانى لە 12 سێپتەمبەرى هەمان ساڵ هەڵبژێردرا.
ئەمە بەشێک بوو لەو رێکەوتنەى کە دامودەزگا سەربازییەکان رەزامەندیان لەسەر بوو چونکە بینەزیر بۆتۆ لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بوو دواتر هەڵبژاردنى بۆ بەڕێوەبردنى سەرۆکایەتى حکومەت لە رێگەى سەرۆکى دەستنیشانکراو غوڵام ئیسحاق خان لە رێگەى بەکارهێنانى دەسەڵاتە دەستووریەکانەوە بوو.
لەبەرامبەر ئەمەش بینەزیر بۆتۆ رەزامەندى لەسەر چوار مەرج نیشاندا کە دەزگا سەربازییەکان دایاننابوو لەنێو ئەوانەدا مانەوەى وەزارەتى دەرەوە لەژێر دەستى خۆیاندا واتە سەربازەکان. هەروەها بەردەوام کردنى هەمان سیاسەتى پاکستان لەبەرامبەر ئەفغانستان.
ئەوە بەسەرکەوتن بۆ بینەزیر بۆتۆ ناژمێردرێت، هەرچەندە پارتەکەى لە هەڵبژاردنى نۆڤەمبەرى ساڵى 1988 زۆرینەى بەدەست هێنابوو. گەورەترین پارتى سیاسى بوو کە لە کۆمەڵەى نیشتمانیدا لە کۆى 207 کورسی 93 کورسی بەدەست هێنابوو، هەروەها لە هەڵبژاردنەکەدا یەکێتى کۆمارى ئیسلامى 55 کورسیان بەدەست هێنابوو سوپا رەزامەندى نیشاندا کە لە ساڵى 1998 هەڵبژاردن بکرێت، بەو هیوایەى کە پارتى گەلى پاکستان پارتەکەى بۆتۆ ژمارەیەکى گەورە لە کورسیەکان بەدەست نەخات. سوپا لەو باوەڕەدا بوو کە بۆتۆ لە دەرەوە پیلانگێڕى لە بەرامبەر بکات، بەشێوەیەکى گشتى ئەفسەرەکانى لە ماوەى حوکمى زیا ئەلحەقدا هەموو بۆ دژایەتى کردنى پارتى گەلى پاکستان ئامادەکران.
هەروەها لەو سەردەمەدا بڕوایەکى وەها هەبوو کە بڕیارى بانگهێشتکردنى بۆتۆ بۆ پێکهێنانى حکومەت لەو کاتەدا بڕیارى هاوبەش بوو لەلایەن بەڕێوبەرى کارەکانى سەرۆک غوڵام عشق خان و سەرۆک ئەرکانى سوپا ئیسلام بەگەوە وەرگیرابوو. هیچ گومانى تیا نەبوو بۆ سیاسەتمەدارەکان بە هەندێک دوو دڵییەوەى بۆتۆیان بۆ سەرۆک وەزیرى پەسەند کردبوو.
هەرچەندە بۆتۆ توانى لە دروستکردنى پەیوەندى باش لەگەڵ گەورە لێپرسراوانى سەربازى دروست بکات. لەو کاتە کە جەنەراڵ بەگ لە مانگەکانى یەکەمدا رایگەیاند کە پشتگیرى حکومەتەکەى دەکات، بەڵام لێرەدا شتێکى ئاشکرا لە گەیشتن بە رێکەوتنى 1988دا کە بینەزیرى هێنایە سەر دەسەڵات پاش سەرکەوتنى لە هەڵبژاردنەکان هات، پاش ئەوەى قیادەى سوپا بۆى دەرکەوت کە تاکە رێگا ئەوەیە لەگەڵ پارتى گەلى پاکستاندا بەشدارى بکات، کە ببووە گەورەترین هێزى سیاسى لە هەڵبژاردنەکانى 1988دا.
ئەو وێنایەى بینەزیر بۆتۆ کە رێبەرایەتى شەڕێکى دەکرد لەبەرامبەر سیستەمى سەربازى خاڵێکى دیکەى بۆ زیاد کرد، هەروەها لە هەمانکاتیشدا بە گەندەڵیش تاوانبار کرابوو.
لە ساڵى 1988 بینەزیر بۆتۆ و دەزگا سەربازییەکان بە سەرپەرشتى ئەمریکا گەیشتنە رێکەوتن، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لەو کاتەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە سەردانى هەردوو بەرپرس گەورەى ئەمریکى بە جێگرى وەزیرى بەرگرى ریچارد ئارمیتاج و جێگرى وەزیرى دەروە مۆرفى رۆڵى سەرەکیان هەبوو لە دانوستانەکانى نێوان بینەزیرو و جەنەڕاڵەکاندا.
لە قۆناخێک لە قۆناخەکاندا لە کۆمەڵگاى پاکستاندا بینەزیر سیمبۆلى دیموکراتى نوێگەرى بوو، پەیوەندیە نێو دەوڵەتى و بەتایبەتیش بە کەسە کاریگەرەکانى واشنتۆن و پایتەختەکانى وڵاتانى رۆژئاوا نەدەشاردەوە.
بەرپرسەکانى حزبەکەى دان بەوەدا دەنێن کە ـ بە رێگەیەکى نافەرمى ـ مێردەکەى ئاسیف عەلى زروارى کە گەنجێکى دڵ تەڕ بوو دواى ژنى خەڵک دەکەوێت، ئەمە زیانى بەناوبانگى بینەزیر گەیاند رەنا قەیسەر کە رۆژنامەوانێکى گەورەى پاکستانیییە گووتى؛ ئەگەر سەیرى ئەو تاوانانەى کە لە دژى بوون بکەین دەبینین لە هەموو دۆزێکدا مێردەکەى لایەنە.
بۆتۆ دوو جار بۆتە سەرۆک وەزیر، جارێک لە ساڵى 1988- 1990 لە دواى ئەوەش 1993-1996. لە هەردوو جارەکەشدا تووشی تاوانى گەندەڵى بوو، بەڵام ئەو تاوانانەى بە توندى رەت دەکردەوە دەیگوت ئەمە هۆکارى سیاسى لە پشتەوەیە. ئەمە تاوانبارکردنە ناچارى کرد لە ساڵى 1999 بەرەو ئیمارات لەگەڵ هەرسێ منداڵەکەیدا وڵات بەجێ بهێڵێت، دواتریش لە ساڵى 2004 لە پاش ئازادکردنى مێردەکەشى گەیشتە لایان.
بەڵێ… بینەزیر بۆتۆ کاتێک گەڕایەوە بۆ پاکستاتن دەیزانى دەکوژرێت لە 18 ئۆکتۆبەرى ساڵى 2007 لە پاش هەشت ساڵ لە مەنفا چەند رۆژێک پێش گەڕانەوەکەى نامەیەکى ناودارى بۆ سەرۆک پەروێز موشەڕەف نووسى بوو کە هەندێک زانیارى دیارى کراوى تیادا بوو وەکو لەو کاتەدا باس دەکرا لەبارەى هەندێک لە لایەنەکان یان کەسایەتییەکانەوە پلانى تیرۆرکردنى بۆ داڕێژراوە. لەدواى نامەکە زۆرى نەخایاند هەرچەندە پێویست بەوەش نەبوو. لەو کاتەدا لە نیوەى ساڵدا ژمارەى کوژراوان گەیشتبووە 235 کەس هەڕەشەى لایەنە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە دژى بەردەوام بوو کەمێکیش راگەیەنرابوو لە راستیشدا لە کرانشى پێشوازییەکى خوێناوى لێکرا 139 کەس لەلایەنگرانى کوژران، بەڵام ئەو جارە خۆى لە مردن رزگارى بوو.
روداوى 18ى ئۆکتۆبەر خاڵى سەرەتا بوو بۆ تێگەیشتن لە رووداوەکەى 27 سێبتەمبەرى 2007 کە ئیتر بە تەواوى تیرۆر کرا ئەم رووداوە بە خوێناوى ترین روداوى پاکستان پۆلێنکرا. جارى یەکەم لە رێگەى تەسادوفەوە بۆتۆ تا هەندێک بحەوێتەوە و ئیستراحەت بکات لەناو ئوتومبیلە مودەرەعەکەى تۆزێک دانیشتبوو لەبەرئەوە نەکوژرا، بەڵام جارى دووەم دەرفەت بەو سوتفەیەش نەدرا، درایە بەر گوللەى قەناس پێش تەقینەوەکە شیمانەکان بەوشێوەیە بوون کە ئیتر خوێن ناڕژێت و دیموکراتى سەرهەڵدەدات لە پاش گەڕانەوەى هەردوو سەرۆکى نەفى کراو بینەزیر بۆتۆ و نەواز شەریف بەو ئیعتبارە ئەو دۆسیانە ئیتر دادەخرێت. سەردەمێکى نوێ دەست پێ دەکات دیموکراتى سەرهەڵدەدات. بەڵام ئەوەى روویدا بۆتۆ کوژرا جەخت لەوە دەکاتەوە کە فلیمەکە بەردەوام دەکات و کۆتایى نەهاتووە.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: