پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

بیدەنە دەست گەنج

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,

ئەژین عەبدولخالق-

هیچ ئایدۆلۆژیا و خەباتێکی پیر شۆڕشێکی تازە ناخولقێنێ.

ئەم چەند ڕۆژە بە حەسرەتەوە نووسینی نووسەرانی کورد و بیرمەندان دەخوێنمەوە، گوێ لە ئەنالیسی سیاسی و ئیعلامی ناوخۆ و دەرەکی دەگرم. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لە ناوەوەو دەرەوەی ڕۆژهەڵات زۆرتر پیر ئەنالیس دەدات و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیەوێ ڕێبەری ئەم خۆپیشاندانە بکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە گەنج خوێنی دەڕژێ و گەنج لەسەر شەقامە.
زۆرینەی شیکردنەوەکان لە عەقڵیەتی زەمەنی خۆی تێپەڕناکات و بە عەقڵیەتی زەمەنی شاخ و شۆڕشە یەک لە دوای یەکە شکستخواردوەکانی عێراق و لیبیا و سوریا…. دەدوێن.

ئەوەی ڕاستیەو دەبێ ئێمە تەواو درکی پێ بکەین ئەم ڕاپەڕینە گەنج و ئایدۆلۆژیای گەنج دەبێ بەڕێوەی ببات. دەبێ گەنج خۆی بێتە پێش و بە عەقڵی سەردەمییانەی خۆی ئەم شۆڕشە بباتە پێش.
وەک چۆن ئەوان لەسەر شەقامن، ئاواش دەبێ ئایدیا و دروشم و ڕەهەندییان ببیسترێ و بێتە سەر شەقام.
تاکە شتێ کە تا ئێستا دیارەو بووە بە سیمبوولی ئەم خۆپیشاندانانە ڕووە ژنبوونەکەێتی، دروشمەکانیش هەر لەم چوارچێوەن. بەڵام بۆ ئەوەی بەردەوام بێ و دەرەنجام و دەرکەوتەی لێ بکەوێتەوە، دەبێ گوێمان لە دروشم و هزری گەنج بێت .
ئەم ڕاپەڕینە پێویستی بە ڕەهەند و گۆشەنیگای گەنجە.
ئەوەی تا ئێستا دەبینرێ دووبارە بوونەوەی کۆمەڵێک جووڵەو دروشمی دووبارەی دوو سێ نەوە پێش ئێستایە.
ئەم شۆڕشە بەر لە چەک پێوویستی بە ڕوانگەی تازە و ڕوانگەی گەنجی ئەم ناوچەییە بەڕێوەی ببات.
گەنج لە هەموو کۆمەڵگاێک بەڕێوەری ئێستا و ئایندەن، ئەوان بەدیلی یەکەمی ئایندەن، بۆیە گرنگە گوێمان لە دەنگ وئەدا و بیر و ڕەهەندی ئەم گەنجانە بێت.
ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت ڕووە فیزیکی و حەماسییەکەیە، جگە لە دیوە فسمینیستییەکەی ئێمە نازانین ڕەهەندی ئەم خۆپیشاندەرانە چییە؟ دەنگی گەنج تا ئێستا بڵند نییەو نایبیستین.
چل ساڵ سانسۆر و ژێردەستی چ ڕوانگەێکی لە هزری ئەم گەنجانە دروستکردووە؟ ئەوان کە یەکێکن لەم نەتەوە دەگمەنانەی لەم سەردەمە تازەیە بەزۆر فەرزکراوە چۆن بپۆشن و چۆن بخۆن و چۆن قسەبکەن لەم فرسەتە کە هاتۆتە پێش دەیانەوێ چی تازەمان پێ بڵێن و چۆن تەعبیر لەم ژێردەستییە دەکەن؟ ئەم هەموو سانسۆرە چی نوێ و تازەی لە هزری ئەوان دروستکردووە کە ئەستەمە مرۆڤێ بە هەمان دۆخ تێنەپەڕیبێ درکی پێبکات.
گەنجێکی ئوسترالی و پیرەژنێکی فەرەنسی و پیاوێکی مەغریبی نازانێ و ئاسان تێناگات چل ساڵ قژ شاردنەوە یانی چی، چل ساڵ بێ بەشبوون لە خۆرەتا و ئۆکسجین بۆ ناو پێست یەنی چی، گوێگرتن لەیەک دیکتاتۆر یەنی چی، خەڵک زۆرن لەم دونیایە تێناگەن خواردن و خواردنەوە بە کۆنترۆلی دەسەڵات یەنی چی. هەر لەم دەور و پشتەی ئێران هاوڵاتی زۆر هەن نازانن چل ساڵ خۆشاردنەوە لە ژێر عەبا و پەڕۆک چ ڕوانگەێک درست دەکات، ئێمە پێویستمان بە دەنگی ئێوەیە ببیستین. دەیان پرسیاری تر پێوویستیان بە ڕوانگەو وەڵامی ئێوەیە.
ئەوان لە چ ڕەهەندێکەوە دەیانەوێ ئەم دەسەڵاتە برووخێ و لە چ گۆشەنیگاێکەوە دەیانەوێ دروست بێتەوە؟ ئەوان لە چ گۆشەنیگاێکەوە دەڕواننە کۆمەڵگاو چییان لە هەگبەدایە. بۆئەوەی ئەمە ببێتە شۆڕشێکی سەرتاسەری دەبێ گوێ لە گەنج بگرین، جیا لە سەیارە سووتان و ڕژانە سەرشەقام دەبێ دەنگی ئەم گەنجانە ببیستین و پاڵپشتیان بکەین.
نەوەێک هەن با بیدەینە دەست خۆیان چییان دەوێ، تازە ئێمە تەواو، ئەگەر ئێمە بمانتوانیبوایە شتێ بکەین ئەوە کەس هەندەی نەوەی کۆن بواری نەبوو، قسە بکات و خۆپیشاندان بکات، ئەوەی کە کردیشمان بە داخەوە ئەنجامی نەبوو، ئەوەی کە نوسیشییان کاریگەری نەبوو.
بۆیە کاتێتی ئەو گەنجانەی هەن لە ناوەو دەرەوەی ڕۆژهەڵات خۆیان بەڕێوبەری مەعریفی و ئیدۆلۆژی و خۆپیشاندانەکان بن. کاتێتی تەعبیر لە خۆییان بکەن و ئەوان بە ئێمە بڵێن چۆن هاوکارییان بین لەم ڕاپەڕینە. ئەوەی لەسەر نەوەی پێش ئەوانە تەنیا یارمەتیدانە، ئێمە ناتوانین بە ئیدۆلۆژیا و تێگەیشتنی ساڵی هەشتا و نەوەدەکان دەنگی نەوەێک بین کە دووهەزارەکانن. گەر دەکراو مومکین بوو شتێک بکەین و ئاراستە بکەین لەسەردەمی خۆی کردمان جا باش یا خراپ، ئەوەی ئێستا دەرەنجامەکەێتی.
گەنج لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بۆ سەرخستنی ئەم خۆپیشاندانانە پێویستیان بە ڕێبەر و بەڕێوبەر و دەنگی خۆییانە.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: