پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

بۆ خوشكەكەی ڕۆژهەڵاتم!!

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
وتار,

یاسەمین گیان .. ئەو كاتەت باش!

ئەوڕۆ لە دەلاقەی هۆتێلێكی هەوربڕەوە ، بەدەم خواردنەوەی قاوەیەكەوە تەماشای قوڵایی شاری #دوبەییم دەكرد و سەرنجی جوانییەكەییم دەدا ، لەدڵی خۆمدا ئیرەییم بەو عەقڵانە دەبرد كە ، لەماوەیەكی زۆر كورتدا توانیییان بیابانێكی ڕووتەڵەی وشكهەڵاتوو ، بكەن بەسەنتەرێكی گەوورەی بازرگانی لە دنیادا ..

لەو كاتەدا زەنگی هاندەكەی دەستم هات ،بەو پێیەی جوینی ڕۆژنامە بەناوبانگەكانی دنیام كردوە ، هەركات هەواڵێكی تازە هەبێت دێتە سەر شاشەی هاندەكەوەو دەیبینم ،هەر بەو ڕۆحەی جاران هەموو ڕۆژێك سەیری هەواڵ و ڕاپۆرتەكانیان دەكەم و دەیانخوێنمەوە ، ئەوڕۆ لەڕۆژنامەیەكی بیانی _ئەمەریكی، هەواڵێكی جیاوازم خوێندەوە ، وێنەكەی تۆم دی ، وێنەی ساتی ئامادەكردنت بۆ چێهێشتنی زەوی و فڕین بەرەو قوڵایی ئاسمانەكان ، وێنەكەت نیوەی لاپەڕەكەی داگیركردبوو ، لەسەرو وێنەكەشتەتەوە بە تایتڵێكی جوان نووسرابوو :

ژنێك لە هەسارەی زەوییەوە ، دەیەوێت بگاتە دڵی مانگ !

دەست وبرد دەستم كرد بەخوێندنەوەی تەوای ڕاپۆرتەكە ، بۆ ئەوەی بزانم تۆ كێیت و لەكوێوە هاتوویت و چۆن گەیشتوویتەتە ئەو پلەوپایە زانستییە، مەراقم بوو بزانم ئەوە چ ژنێكە دەیەوێت بگاتە ماڵی مانگ و بیكاتە جێ ژووانی!!

گەیشتمە ناوەكەت( یاسەمین موقبەلی) ڕیپۆرتەرەكە گۆشەیەكی بچووكی تۆی باسكردبوو ، بە تێبینییەوە لەبارەی ڕەچەڵەكتەوە نووسیبوی :،

یاسەمین خەڵكی كوردستانی ئێرانە ، خانەوادەكەی یاسەمین ساڵانێكی زۆر لەوەوپێش لەدەستی ستەمی دەستەڵاتدارانی وڵاتەكەی خۆیان هەڵهاتوون و ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا بوون ، یاسەمین لە ئەڵمانیا لەدایكدەبێت ،دواتر لە وێستگەیەكی ژیاندا بڕیاردەدەن بەرەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆچ بكەن!!

یاسەمین گیان .. بینینی ناوەكەت و ئاشكرابوونی ڕەچەڵەكەت كۆڵێك خۆشحاڵی كردم ، لە ڕاستیدا دووجار خۆشحاڵ بووم ، جارێك لەبەر ئەوەی ژنیت و جارێكیش لەبەر ئەوەی كوردیت ..

ئاخر سەختە لەنێو هەناوی كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاریدا ، ژنێكی خوێندەوارو هۆشیار لەدایك ببێ و ببێتە سەردێڕی ڕۆژنامەكانی دنیا ، بەڕاستی سەختە ژنێك بەوجۆرە كۆت و بەندی كۆیلەیی ژن بپسێنێت و وەك هەڵۆیەكی گەردن بڵند بێتە پێشەوە !!

كوردبوونەكەشت هێندەیتر وێنەكەتی جوانتر كردوە ،ئاخر كوردبوون لەو ڕۆژەدا ئازایەتی و جوامێری دەوێت ، هەمووان ئەو شانازییەیان پێنابڕێت و ناتوانن نوێنەرێكی ڕاستەقینەی میللەتە ستەملێكراوو كۆیلەكراوەكەی خۆیان ببن ، شانازییەكی گەوورەیە ئەوڕۆ تۆ ڕێبەرایەتی و سەركردایەتی كۆمەڵێك زانای پیاو دەكەیت و بەرەو بۆشایی ئاسمانەكان دەكشێیت!

ئافەرین بۆ ئەو باوكەی تۆی پەروەردە كرد ، ئافەرین بۆ ئەو دایكەی فێری كردیت لەسەر قاچەكانی خۆت ڕاوەستی و ژنبوونت ڕێگرنەبێ لە بەدیهێنانی خەونەكانت ، ئافەرین بۆ خۆت كە، تەلیسمی كۆمەڵگاكەت بچڕاندو بوویت بە هیوا بۆ كچ و ژنە كانی كۆمەڵگاكەت ..

نێوچاوانت ماچ دەكەم !

#عەتا_شەمێرانی

دوبەی _ ئیماراتی یەكگرتوو

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: