ژاڵە محەمەد
ژنی جاران و ژنی ئێستا، ئەمە بەراوردکردنێکی نادادپەروەرانەیە کە بەرامبەر ژن لە ئێستا و رابردووشدا دەکرێت.
وەک لە کوردەواری دەوترێت، «سەری لە هێلکە نەجووقاوە قسەی زل زلیش ئەکات»، موبایلێکی بەدەستەوەیە و دەڵێت ئادەی باجی چیت هەیە بۆ ژنی ئێستا؟
زۆر دەبینین و دەبیستین لە شوێنە گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە لەوڵاتانی شەرقی زۆر بەکار دێت باسی ژنان دەکرێت، بەڵام چ باسکردنێک؟
ئەوەنەی ژن خۆی بە خراپە بەسەر هاوڕەگەزەکەیدا هەڵدەدات پیاو ئەوە ناکات، لە هەر کونج و قوژبنێکەوە دەبینرێت لەژێر ناو و چالاکی جیاواز بەراوردکاری و ئیهانەی ژنان دەکرێت، بەتایبەت ئەوەی کە زۆر باوە بۆ ریکلام و نمایشی ژنانی کۆن کە چۆن ژیاون؟ کورتە ڤیدیۆی زۆر دەکەوێتە بەرچاومان و بەژن و پیاو مەدح و سەنای ئەو ژنانە دەکرێت کە لەرابردوو چەندە ئەرک و زەحمەتیان لەسەر شان بووە و هەموو شتێکیان بەجوانی بەڕێکردووە و وەک شێر ژیاون، شێری چی؟
کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە زۆربەمان بیرمان چۆتەوە کە ژنان لە رابردووە چۆن ژیاون؟ لە ئێستاشدا و لەتەمەنی پیری چەندە بە دەستی ئەو هەمووە هیلاکیەوە کە هەیانبووە لەتاو ئازار و نەخۆشیی هەر رۆژە و لە نۆرینگەی دکتۆریک چارەسەریان بۆ دەکرێت، قسەکەم لێرە لەسەر ئەوەیە کە ئاسەواری ئەو زەحمەتییانە ئێستا لێیان دیاری دەدات، نمونەی هەرە زیندووی، دایکی من وەک هەر ژنێکی کۆمەڵگای رابردوو ئەبوا کاتژمێر ٥ی بەیانی هەستایە لەخەو و لەدوای دۆشینی مانگاو پاککردنەوەی جێگاکەیان و بە ماست و دۆکردنی ئەو شیرەی ئەیدۆشی و دواتر تەنوور پێکردن و ئامادەکردنی نان و کولێرەی و دوای ئەوە رێکخستنی میوان و نان و چێشت حازرکردن و جل شتن چەندین کاری دیکە کە ئەنجامی دەدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی وەک هەموو ژنێکی کورد نزیکەی ٩ مناڵی بووە، ئیتر ئەو کاتە وابوو، بە پێی سەردەم و جۆری ژیان ئەگەر ئاوا نەژیای، ماڵومناڵ بەڕێوە نەئەچوو، بەڵام کێشەکە لەوەدایە زۆربەی ئەو ژنە ماندووانە ئێستا بەدەست ئازاری قاچ و دەست و پشت و هیلاکی جەستە و نەخۆشییەکانی دیکەوە دەناڵێنن ئەمە سەرەڕای ئەوەی تەمنیان هەڵکشاوە و جاروبار باسی مەینەتییەکانی ئەو کاتانەی خۆیان دەکەن.
ئیتر بۆ ئەڵێین ژنی ئەوسا ئاوا بوو و ژنی ئێستا ئاوا؟ وەڵاهی تەنها سەری قسەیان بۆ دەرخە ئەوسا ئەزانی چەندە خەمبارن کەئاوا ژیاون و نەیانزانیوە چۆن ژیاون.
خۆهەڵقورتانە بابەتێک کە لێی تێناگەن و نەتانکردووە و نەتانبینیوە خەڵک چەواشە دەکات، بەتایبەت کە بۆ نان و دۆیەک یان ماستێک بەناویی کوردەواری هەموو سووکایەتیەک بەژن رەوا ئەبینن تاکوو کڕیاو و موشتەریتان زیاد بێت، کەس لاری لە ریکلام نیە چونکە پرۆسەیەکە بۆ بەبازاڕکردنی کاڵا، بەداخەوە چالاکوانانی ژنان رۆژێک هەڵوێستەیەکیان نەبوو لەسەر ئەمجۆرە لە نمایشکردنانە.
ژنی ئەوسا تەنها وەزیفەکەی لەماڵەوە بوو و پیاو ئەرکی دەرەوەی لەسەر شانبوو، بەڵام زۆربەی ژنی ئێستا هەتا ٤ی ئێوارە و بگرە هەنێکیشی ناچارە بەشەودا کاربکات تاکوو سکی ماڵومناڵی تێر بکات و خوا ئەیزانێ چەندە چەرمەسەری دێتە سەر رێگایان لە دەرەوە و چەند هەستیان بریندار دەکرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەرکەکانی ماڵیشی لەسەرە، راستە ئێستا ئامێرەکانی ئاسانکاری ناوماڵ زۆرە، بەڵام خۆ ئەبێ ژن کاتی خۆی دابنێت و ئەو کارانە ئەنجامبدات کە پەیوەندی بەناوماڵەوە هەیە، دە با رۆژێک ژن لەماڵەکە نەبێت بزانن سیستەمی ماڵ چۆن تێکئەچێت.
سەردەمی ئێستا جیاوازە و کار و ئەرکی ژنیش گۆڕاوە، بگرە ژنی ئێستا هەر بە گەنجی پیر دەبێت و کاتی بۆ زۆر شت نیە، چونکە باش ئەزانین بەشێک لەپیاویی ئێستا زۆر بەرپرس نیە بە خێزانەوە و ئەوەنەی لەدەرەوەیە و لەگەڵ هاوڵەکانی لەگەشت و سەفایە گرنگی بە ژن و منداڵەکانی خۆی نادات هەر بۆیە دەبینین کە زۆر گرفت بەرۆکی خێزانی ئێستای گرتۆتەوە و رێژەی جیابوونەوە بەرزە.
واز لەو بەراوردکارییە نادادپەروەرانە بێنن، خەریک ژیانی خۆتان بن.