پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

ئاسیا جەبار

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, داکۆکی, نوێکراوەتەوە, وتار,

حەمەسەعید حەسەن
خەڵکی ئەفریکا بوو، ناوی خۆی نابوو: ئاسیا، ئاسیا جەبار (١٩٣٦ – ٢٠١٥) لە گەلێک بواردا ئامادەییی هەبوو، ڕۆمان و شانۆنامە و شیعری دەنووسی، فیلمساز و زمانەوان بوو، زمانزانێکی ئاسایی نا، هێندە شارەزای زمانی فەرەنسی بوو، ٢٠٠٥ کرا بە ئەندامی ئەکادیمیای فەرەنسی کە باڵاترین دامەزراوەیە تایبەت بێت بە زمان. عەرەبێکی جەزائیری بوو، بەڵام بە فەرەنسی دەینووسی، هەر ڕۆشنبیر نەبوو، خۆی بە تەنیا دیاردەیەکی ڕۆشنبیری بوو. لەوە دەرچووبوو، وەک ژنێک داوای ئازادی بکات و هەوڵی بۆ ئەوە بێت، ددان بە تواناکانیدا بنرێت، ئاخر لەسەر ئاستی دنیا خۆی سەلماندبوو، بۆیە لە زۆر لایەنەوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ بەربژێر بوو .
شتگەلی ڕووکەشی نەدەنووسی، شارەزای فەلسەی گێڕانەوە بوو، نووسینی تژی بوو لە ڕامان و لە تێڕوانینی فەلسەفی، خەمی دنیای بە کۆڵەوە بوو، لە گۆشەنیگاییەکی ئینسانییەوە سەیری دیاردەکانی دەکرد و هەوڵی بۆ ئەوەبوو کەس زەردەخەنەی سەر لێوی ئەوی دی نەکوژێت. لە ١٩٥٧ەوە کە یەکەم ڕۆمانی نووسی، ئیدی تا دڵی لە لێدان کەوت، هەر لەسەر نووسین و داهێنان بەردەوام بوو. ڕۆماننووسێکی لۆکاڵی نەبوو، ناوبانگی دنیای تەنیبوو، کەچی لە وڵاتی خۆی بایەخێکی شیاوی پێ نەدرابوو.
ئەگەر بڵێم لە بواری نووسینی فێمینیستیدا جێی خۆی لە لوتکەدا قایم کردبوو، زێدەڕۆییم نەکردووە. لە بواری ئەدەبێکدا کە داکۆکی لە کێشەی ژنان دەکات، خۆی قەتیس نەکردبوو، ئاخر وەک چۆن داکۆکی لە ژن دەکرد، هەر وایش داکۆکی لە نیشتمان و لە مرۆڤایەتی دەکرد. بەرهەمەکانی پاچڤەی چەندان زمان کرابوون، بەڵام نەکرابوون بە عەرەبی، ئاخر بۆیە هەمیشە ئەوە ڕاست نییە کە دەڵێن: بەرد لە جێی خۆی سەنگینە. تینوویەتی، خۆشەویستی و فەنتازیا، لە ماڵی باوکمدا جێم نابێتەوە، وەهران زمانێکی مردوو، منداڵانی دنیای نوێ، ناوەکانی هەندێکن لە بەرهەمەکانی. دوور لە مەدینە، شاکاریکی دیکەیەتی، تێیدا ڕۆڵی ئەو ژنانە بەسەر دەکاتەوە کە سەروەختی سەرهەڵدانی ئیسلام، یار یان نەیاری یەیامی محەممەد بوون. لە ڕۆمانی (ژنێکی بێ گڵکۆ)یشدا، ژیاننامەی ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە کە بەشدارییەکی کارایان لە خەباتی چەکداریی شۆڕشی جەزائیردا هەبووە.
ئەدەبی بەرەنگاربوونەوەی بە فەرەنسی دەینووسی، تا دەنگی جەزائیر بە فەرەنسییەکان بگەیەنێت کە نیشتمانەکەیان داگیر کردبوو. ئاسیا جەبار کە بە کۆمەکی یادگە و دیرۆک دەینووسی، لەبارەی (شەوانی ستراسبورگ)ەوە دەڵێت: “ئەو ڕۆمانەم بۆ هەڵاتن لە ئازاری کۆکوژیی شەڕی ناوخۆی جەزائیر نەنووسی، وەک چارەسەری دەروونی، بۆ غەریبیی خۆمم نووسی.” “باوکم کە بە زمانی دایکی دەپەیڤی، لە ڕۆشنبیر دەچوو، بەڵام کە بە فەرەنسی قسەی دەکرد، دەتگوت چەقۆکیشە.” ناوە ڕاستییەکەی ئاسیا جەبار: (فاتیمەی زەهرای کچی تاهیر) بوو، بەڵام بۆ خۆپاراستن لە ‌غەزەبی باوکی، ١٩٥٧ یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی (ئاسیا جەبار)ەوە بڵاو کردەوە، ئیدی هەر بەو ناوەیشەوە ناسرا.
نووسەرێک بوو ڕاستگۆ و ڕاشکاو، ئایکۆنێکی ئەدەبی بوو لە بەگژدا چووەنەوەی
داگیرکار و سیستەمی بابسالاریدا. لە جەزائیر قەدریان وەک پێویست نەدەزانی، هەرچەندە وەک چۆن جەمیلە بوحێرد، لە بواری شؤڕشگێڕێدا سیمبۆلی جەزائیر بوو، لە بواری ڕۆشبیرییشدا، ئاسیا جەبار سەری لە هەور دەسوو. کە دوای سەرکەوتنی شۆڕش، دەسەڵاتی نیشتمانی دەستی دایە ستەم و گەندەڵکاری، ئیدی دڵی ڕەنجا، سەری هەڵگرت و نەگەڕایەوە بۆ وەتەن. لەسەر خواستی خۆی، تەرمەکەی لە زێدی خۆی لە شارۆچکەی شەرشال ئەسپاردەی خاک کرا کە دەکەوێتە ڕۆژئاڤای جەزائیری پایتەختەوە و لەسەر کەناری زەریای سپیی ناوینە.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: